پێشه‌وا هه‌ورامانی: جارێكی دیكه‌ پێچەوانەی لێدوان و قسەی ناو کۆبوونەوەکان ناردنی 700 ملیاره‌كه‌ دواکەوت

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان، ناردنی 700 ملیاره‌كه‌ دواکەوت.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، رایگه‌یاند، ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی.

لە ماوەی ڕابردوو  نیەتی ڕوونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ ڕێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین

بەپێ زانیارییەکانی کوردستان24  رۆژی دووشەممە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا.

كوردستان24 زانیوویه‌تی، شانده‌كه‌ بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب وەزیری دارایی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن.

ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغدا

رۆژی 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، دوای سەری ساڵ، تەسویەی حسابات لەگەڵ هەرێم دەکرێت، كه‌ چەند پارەی بۆ رەوانە کراوه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ باسم عه‌وادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، دوای تەواوکردنی تەمویلی وەزارەتەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبه‌ران، وەزارەتی دارایی 700 ملیارەکەی هەرێم بۆ ئەم مانگە رەوانە دەکات.

پێشتریش نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ نییه‌.

گوتبووشی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا تەمویلکردنی پارەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ناردنی 700 ملیار دیناری دیکە، بۆ مانگی داهاتووش بەردەوام دەبێت".

لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

پەیامێک لەوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

‎بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی موچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت.

‎ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێ شەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی.

‎لە ماوەی ڕابردوو  نیەتی ڕوونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ ڕێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت ، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین.

‎پێشەوا هەورامانی

‎گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بۆ بینین و ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵ و زانیاری زیاتر فۆڵۆی چەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ بکە.