ئاسایشی ئاکرێ دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی بەردەڕەش دەستگیر دەکات

قەزای بەردەڕەش
قەزای بەردەڕەش

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بە کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لە نێو ماڵەکەی خۆیدا راگەیاند.

رۆژی یەکشەممە (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ رایگەیاند، کاتژمێر 2:20ـی پاشنیوەڕۆی 28ـی تشرینی یەکەمی 2023، تەرمی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی رزگاریی قەزای بەردەڕەش دۆزرایەوە کە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرابوو.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی ئاکرێ ئاماژەی بەوەکردووە، دوای رووداوەکە تیمەکانیان بە هاوبەشی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانەکانی قەزای بەردەڕەش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م.خ.خ.) و (هـ.ر.ق.) دەستگیرکران و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکەیان داناوە.

ئاسایشی ئاکرێ رایگەیاندووە، دادوەری لێکۆڵینەوەی قەزای بەردەڕەش بە پێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان هەردوو تۆمەتباری راگرتووە و هەردوو تۆمەتبارەکەش رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) تەرمی ئەرکان خەيری حوسێن لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای بەردەڕەش دۆزرایەوە، کە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرابوو. 

ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر