مێتا خزمه‌تگوزارییه‌كی نوێ بۆ به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك و ئینستاگرام دابین ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
"مێتا" ئاماژه به‌وه ده‌كات لە مانگی داهاتوودا "تشرینی دووه‌م"، بەشداریکردنی پارە بۆ ئەوروپییەکان بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام بەبێ رێکلام دابین دەکات، ئەمەش وای لێ دەکات دواتر پابەند بێت بە یاساکانی ئەوروپا کە پەیوەندییان بە زانیارییە کەسییەکان و رێکلامە ئامانجدارەکانەوە هەیە.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 30ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) کۆمپانیای "مێتا"ـی ئەمه‌ریکی رایگه‌یاند، بەکارهێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و سویسرا و ته‌واوی ناوچەی ئابووری ئەوروپا به‌تایبه‌ت "ئایسلەندا و نەرویج و لیختنشتاین" دەتوانن "لە نێوان بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی ئەو دوو سه‌كۆیه "فه‌یسبووك و ئینستاگرام" بەخۆڕایی لەگەڵ رێکلامە کەسییەکان هەڵبژێرن" یان "هاوبه‌شی بکەن بۆ ئەوەی چیتر ڕێکلامەکان نەبینن."
نرخی بەشداریکردن مانگانە 9.99 یۆرۆیە بۆ ئەکاونتەکەیان لە ئینستاگرام یان فەیسبووک لە کۆمپیوتەردا، هەروەها 12.99 یۆرۆیە بۆ ئەپڵیکەیشنی دوو سه‌كۆكه لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان.
ئەو بەکارهێنەرانەی کە رەزامەندییان لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانی مێتا نییە بۆ مەبەستی ئامانجکردنی رێکلام، دەتوانن بۆ سوودوه‌رگرتن له سه‌كۆكانی "مێتا" بڕه پاره‌یه‌ك بده‌ن.
هه‌ردوو كۆمپانیای مێتا و گوگڵ ئیمپراتۆریەتەکانیان لەسەر ئەم شێوازه دامه‌زراندووه، کە چه‌ندین ملیار بەکارهێنەر دەکەنە ئامانج بە رێکلامە ورد و کەسییەکان بە بەکارهێنانی ئەو زانیارییە کەسییانەی کە کۆمپانیاکان لەبارەیانەوە کۆیان دەکەنەوە.
له به‌رامبه‌ردا یەکێتی ئەوروپا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه دژی بەدواداچوون بۆ بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بەبێ رەزامەندی یه‌كێتییه‌كه‌یان شەڕ دەکات، سەرەتا لە رێگەی یاساکانی پاراستنی زانیارییەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2016 و دواتر لە رێگەی یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکانەوە کە هاوینی ئەمساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
به‌م شێوه‌یه سه‌كۆ دیجیتاڵییە پەیوەندیدارەکان تا 6ـی ئاداری 2024 مۆڵەتیان هەیە بۆ پابەندبوون بەم پابەندبوونە نوێیانە.