سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات

K24 – هەولێر:

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو دامەزراوەیە کرد و تێیدا هاتووە، کوردستان24 لەسەر بنەمای نیشتمانی و نەتەوەی درووستبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دامەزراوەی کوردستان24 کرد و تێیدا هاتووە، کوردستان24 لەسەر بنەمای نیشتمانی و نەتەوەی درووستبوو، هەروەها تۆڕی نیشتمانی کوردستان24 توانی لەماوەی کارکردنی بیسەلمێنێت کە داکۆکیکەری سەرسەختی دۆزی نیشتمانی کوردستان بێت لە ساتە هەرە ناسک و هەستیارەکان.

لە پەیامەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژە بەوەدراوە، کوردستان24 دەربڕ و گوزارشتکەری کێشەی ناوەندی ستراتیژی گەلی کوردستان و وەکو کەناڵێکی لێپرسراوی کۆکردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بووە لەسەر بنەمای کوردایەتی و متمانە و هۆشیاری نەتەوەیی.

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.

پەیامی پیرۆزبایی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ کوردستان24
پەیامی پیرۆزبایی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ کوردستان24