بەرز بوونەوەی نرخی زێڕ پرۆسەی هاوسەرگیری کەمکردووەتەوە

نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر

لە بازاڕەکانی کوردستان نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 24، گەیشتووەتە 520 هەزار دینار و عەیار 21یش بووەتە 460 هەزار دینار، لە کاتێکدا لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەو نرخە 415 هەزار دینار بوو.

بەگوتەی زێرینگەران بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بووەتە هۆکار بۆ سستی بازاڕ و گەنجانیش کەمتر هاوسەرگیری دەکەن، وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانیش دەڵێ: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پێشبینی کراو بوو.

مەجید گۆران، یەکێکە لە زێڕینگەرانی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا کەس زێڕ ناکڕێت، ئەوەی هەیبێت دەیفرۆشێت، بازاڕی زێڕ بە تەواوی سست بووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و بەهای دۆلار".

ئەو زێڕینگەرە، دەشڵێت: "ئێستا هاوسەرگیری لەناو گەنجان زۆر کەمبووەتەوە، پێویستە ئەوانەی هاوسەرگیریش دەکەن لەم دۆخە باریان گران نەکرێت و زێڕی زۆریان پێ نەکڕن".

چەند هەفتەیەک پێش ئێستا پێشبینی کراو، کە نرخی زێڕ بەوجۆرە بەرز ببێتەوە، وتەبیژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر خۆی ئەو پێشبینیەی کردبوو.

هەندرێن وەرتی، وتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "نرخی زێڕ وایە زۆرجار بەرز و نزمی دەکات، ئێمە دەمانزانی نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە".