پوتن: هیچ پاساوێکی رەوا نییە بۆ ئەو رووداوە ترسناکانەی لە کەرتی غەززە روودەدەن
K24 - هەولێر
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، لە فەڵەستین هاووڵاتیانی مەدەنی بەبێ جیاکاری کوژراون و، "هیچ پاساوێکی ڕەوا نییە بۆ ئەو ڕووداوە ترسناکانەی لە کەرتی غەززە ڕوودەدەن کە سەدان هەزار کەسی بێتاوان بەبێ جیاکاری کوژراون".
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەوڵ دەدرێت پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی ڕووسیا بەکاربهێندرێن" و گوتی: "بۆ ئەم مەبەستە درۆ، هاندان و ئاڵۆزی و زانیاری ناڕاست و وروژاندنی دەروونی شەڕانگێزی بەکاردەهێندرێن".
ڤلادیمێر پوتن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قەیرانی نوێی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بە هێرش کردنە سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و ڕایگەیاند: "بەداخەوە دەبینین لە بری بەسزاگەیاندنی تاوانباران و تیرۆریستان، پرەنسیپی بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ بۆ تۆڵەکردنەوە بەکاردەهێنرێت. هیچ پاساوێکی ڕەوا نییە بۆ ئەو ڕووداوە ترسناکانەی لە کەرتی غەززە ڕوودەدەن کە سەدان هەزار کەسی بێتاوان بەبێ جیاکاری کوژراون. هیچ شوێنێکیان نییە بۆ هەڵاتن لە بۆردومانەکان و خۆحەشاردان".
ماوهی 26 رۆژه شەڕی نێوان حهماس و ئیسرائیل بهردهوامه. لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون. لەلایەکی دیکەوە به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستیی غەززە، ژمارهی كوژراوانی ئهو کەرتە بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتە هەشت هەزار و 525 كهس، لهنێویاندا سێ هەزار و 500ـیان منداڵن.