حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل له 15 پارێزگای عێراق هه‌ن
K24 - هەولێر
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتووچۆی عێراق رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل له 15 پارێزگای ئەو وڵاتە هه‌ن و لەو ژمارەیە چوار ملیۆنیان له به‌غدای پایتەختن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-11-2023، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتووچۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە گوێرەی دوایین ئەو ئامارەی بە دەستیان گەیشتووە، حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل له 15 پارێزگای عێراق هەن.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ژمارەی ئۆتۆمبێلی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەژمارنەکردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە، له‌و حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلەی 15 پارێزگاکەی عێراق، چوار ملیۆنیان له به‌غدان.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا باسی لێوە کراوە، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە توانای شەقامەکانی پایتەخت بە سێ ملیۆن و 750 هەزار ئۆتۆمبێل زیاترە و ژمارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندان.
لەوبارەوە، مه‌هدیه ئه‌للامی، ئەندامی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییەکان لە په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، لەبەر رۆشنایی زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو، کێشەی زۆر رووبەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییان بووەتەوە، سەرەڕای بوونی پڕۆژە و پرد بۆ نەهێشتنی ئەو قەرەباڵغییە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، نزیکەی دوو ملیۆن و 100 هەزار ئامێری گواستنەوە بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە دوو ملیۆن و 79 هەزاریان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 21 هەزاریشیان ماتۆڕسکیلن.