یەکێتی بە فەرمی داوای کۆبوونەوە لە پارتی دەکات

لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر:

یەكێتی بە فەرمی داوای كۆبوونەوەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، گوتەبێژی پارتی دەڵێت: "بە فەرمی پەیامی یەکێتیمان بۆ هاتووە و کە تێیدا داوای سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دەکەن و لە چەند رۆژی داھاتوودا وەڵامیان دەدەینەوە". گوتەبێژی یەکێتیش ئاشكرایدەكات، "شاندەكەیان دیاریكردووە و تەنیا دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەکە ماوە".

مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و چاوەڕێی وەڵامە.لە پەیامەکەدا، یەکێتی ویستی خۆی نیشانداوە بۆ سەردانیکردنی پارتی و کۆبوونەوە لەگەڵیدا، پارتی دەرگای خستووەتە سەر پشت، بەڵام ئەو حزبە ئێستا سەرقاڵی هەندێ بابەتی دیکەیە کە بەر لە پەیامەکەی یەکێتی ئامادەکاری بۆ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە نیازە لە چەند رۆژی ئاییندەدا وەڵامی یەکێتی بداتەوە.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە پێکەوە کارمانکردووە، پێکەوە کێشەشمان هەبووە، پەیامێک لەلای ئەوانەوە هەیە بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، ئێمە لەو چەند رۆژە سەرقاڵی هەندێک بابەتی دیکە بووین، بۆیە نەمانتوانیوە کاتێک بۆ وەڵامدانەوەی پەیامەکەی یەکێتی دابنێن، بە دڵنیاییەوە ئێمە لە دوای کۆنگرەوەی 14ـەوە نییەتی ئەوەمان هەیە پێکەوە کۆببینەوە.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەبێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. ژمارەی دۆسیەکان کەم نین کە لەسەر مێزی کۆبوونەوەی هەردوولا دەکرێنەوە. پەیوەندی سیاسی هەردوولا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمانە پرسە گرنگەکانن، کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا دەبێت کە هەریەک لەم دوو حزبە بە جیاوە چوونەتە ناو پرۆسە و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ھەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا.

لەلایەن خۆیەوە سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە کوردستان24ـی گوت: پارتی و یەکێتی هەردوولایان ئامادەن بۆ کۆبوونەوە، شاندەكەیان دیاریكردووە و تەنیا دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەکە ماوە.