پارێزگاری هەڵەبجە: حکومەت ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ فێستیڤاڵی هەنار و پاییز خەرج دەکات

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بودجەیەکی تایبەت بۆ فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە تەرخان دەکات و نەیهێشتووە بوەستێت. دەشڵێت، "ساڵی داهاتوو کار بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی فێستیڤاڵەکە دەکەین".

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-11-2023، کاتژمێر 10:00 نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بە بەشداریی 600 جووتیار دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 720 شوێن بۆ جووتیاران، باخەوانان و خاوەنکاران دابینکراون.

 نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لە هەڵەبجەیە. لە فێستیڤاڵەکەی ئەمجارەدا، جگە لە هەنار؛ خواردنە کوردەوارییەکان، دۆشاو، سرکە، هەنگوین، گوێزی هەورامان، توو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە پیشان دەدرێن.

پارێزگاری هەڵەبجە: کار بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی فێستیڤاڵەکە دەکەین

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە کەلتوورە جوانەکانی هەڵەبجە و نۆیەمین ساڵە بەردەوامە. دوو مەبەستمان لە پشتییەوە هەیە؛ یەکەمیان، پیشاندانی ئەم بەرهەمە خۆماڵییە جوانەی جووتیارانی هەڵەبجە، شارەزوو و هەورامان و بە بازاڕکردنیانە و، ئامانجی دووەمیشمان، پتەوکردنی پەیوەندییە کەلتوورییەکانە. واتا فێستیڤاڵەکە دوو رەهەندی هەیە؛ ئابووری، بووژانەوە و قوتی خەڵک و، ئاڵوگۆڕی کەلتووریی".

لە هەڵەبجە نۆ هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەن، ئەگەر بەرهەمەکەیان بە رێژەی سەدا 100 بێت، ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەمی هەناریان دەبێت.

 

 

بە گوتەی پارێزگاری هەڵەبجە، "فێستیڤاڵەکە ساڵ بە ساڵ بەرفراونتر و باشتر دەبێت و، ژمارەی گەشتیار و سەردانکەرانیشی زیاتر دەبن. ساڵی یەکەم و دووەمی فێستیڤاڵەکە ژمارەیەکی کەمی هاووڵاتی و جووتیاران بەشدارییان تێدا کرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی شوێن نەمابوو، 130 جووتیار نەیانتوانی بەشداریی بکەن".  

فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەی ساڵی رابردوو لە رۆژانی 24 و 25ی ئۆکتۆبەری 2022 بەڕێوەچوو و زیاتر لە 200 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد. ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت، ژمارەی سەردانیکەران زیاتر بێت. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ساڵی رابردوو بەرهەمی هەناری هەڵەبجە نزیکەی  12 هەزار تۆن بوو.

 

نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە لەنۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز (وێنە: دانا حەمەغەریب - کوردستان24)
نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە لەنۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز (وێنە: دانا حەمەغەریب - کوردستان24)

 

وەکو ئەوەی پارێزگاری هەڵەبجە باسی کرد، پلانیان هەیە ساڵی داهاتوو "ئەم فێستیڤاڵ و کەلتوورە بەردەوام بێت و زیاتر بەرفراوان و باشتر بکرێت" و هەوڵ دەدەن ساڵی داهاتوو "بیکەینە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی و خەڵک لە وڵاتانی جیهانەوە بانگهێشت بکەن".

لەبارەی کاریگەریی فێستیڤاڵەکە لەسەر کەرتی گەشتیاری لە هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق گوتی، "نزیکەی هەزار و 500 ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی هەڵەبجە بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵە هاتوونەتە شارەکە. ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێک، سێ چوار کەسی تێدا بێت، واتا نزیکەی شەش هەزار کەس. ئەگەر هەر یەکەیەکیشیان بە بڕی 20 هەزار دینار شت بکڕێت، واتا بڕی داهاتەکە دەگاتە نزیکەی 12 ملیۆن دینار".

بە گوتەی ئازاد تۆفیق، "ئەگەر هەڵەبجە بە فەرمی ببێتە پارێزگا و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، کاریگەریی زۆری لەسەر داهاتی پارێزگاکە دەبێت و ئابوورییەکەی دەبووژێنێتەوە".

 

نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە لەنۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز (وێنە: دانا حەمەغەریب - کوردستان24)
نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە لەنۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز (وێنە: دانا حەمەغەریب - کوردستان24)

 

پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت، "حکومەت بودجەی فێستیڤاڵەکەی بۆ خەرجکردووین و لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانکردووە؛ تەنانەت لە کاتی قەیراندا نەیهێشتووە ئەم فێستیڤاڵە بوەستێت". لەبارەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجەش، دەڵێت، "دوو ساڵە بە براندکردنی هەناری هەڵەبجە برەوی تایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە".

وەکو ئەوەی پارێزگاری هەڵەبجە  باسی دەکات، "یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە بڕیاری لەسەر دراوە، پڕۆژەی پردی توقوت و شەقامی توقوتە کە نزیکەی 31 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە" و دەڵێت، "بڕیارە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بێن و بەردی بناغەی پڕۆژەکە دابنێن. کردنەوەی شەقامەکە دەستی کار زیاد دەکات و رێگەی هەڵەبجە و دەربەندیخان بۆ 25 خولەک کورت دەکاتەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە: چالاکیی کشتوکاڵی گەشتیار رادەکێشێت

لەلایەن خۆیەوە چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەر چالاکییەکی کشتوکاڵی، هونەری، ئابووری ئەنجام بدرێت، دەبێتە هۆی راکێشانی گەشتیار. لای هەمووان ئاشکرایە، پارێزگای هەڵەبجە بە بەربوومی کشتوکاڵ بەناوبانگە، یەکێکیش لەبەربوومەکانی هەڵەبجە هەناری پایزە، ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار، بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و تۆڕی رێکخراوەکان، توانیومانە ئامادەکارییەکی باش بۆ ئەم فێستیڤاڵە بکەین".

 

 

وەکو ئەوەی چیا قاسم باسی دەکات، "تۆ ئەگەر بتەوێت گەشتیار راکێشیت دەبێت ئارامی، ئاسایش، تیمی فریاکەوتن، بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئامادەبێت؛ ئێمەش لەو ڕووەوە هەوڵمانداوە" و دەڵێت، "داوامان لە زۆربەی کونسوڵی وڵاتان کردووە بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن و زۆرترین کۆمپانیا گەشتییارییەکانی باشووری عێراقمان بانگهێشت کردوون".

 

نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە لەنۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز (وێنە: دانا حەمەغەریب - کوردستان24)
نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە لەنۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز (وێنە: دانا حەمەغەریب - کوردستان24)

 

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هاتووچۆی سەردانیکەران، چیا قاسم دەڵێت: "پلانێکی تۆکمەمان بۆ رێگاوبان داناوە. تا ئێستا بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیوادارین خەڵکیش هاوکار بێت بۆ ئەو رێنماییانەی کە لەلایەن هاتوچۆوە ئاڕاستەی هاووڵاتییان و شۆفێران دەکرێت". ئاماژە بەوەش دەدات، "بۆ پاکوخاوێنیش، تیمەکانمان هەمووی لە ئامادە باشیدان، بەو مەرجەی هاووڵاتییان و گەشتیار هاوکاربن، هەمووان لە ئەرکداین بۆ گەشتیاران و سەردانیکەرانی ئەم فیستیڤاڵە".