ناسری رەزازی: لە دایکمەوە عەشقی هونەر و نووسینی هۆنراوەی گۆرانی بووم

هونەرمەند ناسری رەزازی
هونەرمەند ناسری رەزازی

K24 - هەولێر

هونەرمەند ناسری رەزازی بە هەموو زاراوە كوردییەكان گۆرانی گوتووە و ماوەی نیو سەدەیە خزمەتی هونەری كوردی دەكات، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ كوردستان24، دەڵێت: هەر كەسێك لەگەڵ گۆرانی هەر گۆرانیبێژێك ژیابێت بیرەوەری لەگەڵی دەبێت و گۆرانی نوێ و کۆن جیاوازی نییە.

كوردستان24 : شوێنی لە دایكبوونت شاری سنە چیت بیردەخاتەوە؟

ناسری رەزازی: شاری سنە بۆ من زۆر گرنگە و پیرۆزە، چونكە زێد و شوێنی لەدایك بوونمە، لەو شارە باوكم بەرگدروو بوو بەردەستیم دەكرد ‌و دەچوومە قوتابخانە و بوومە گۆرانیبێژ، زۆر بیرەوەری دیكەش هەن، كە هەڵمگرتوون بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەكانم ‌و لەداهاتوودا باسیان دەكەم.

كوردستان24: دوای ئەو هەموو ساڵە بیرت لەوە نەكردووەتەوە بچیتەوە شوێنی لەدایك بوونت؟

ناسری رەزازی: نامەوێت بەسەرشۆڕی بگەڕێمەوە شوێنی لەدایك بوونم، ئەگەر لە سێدارەش درابم، هەرچەندە حكومی لەسێدارەدانم هەیە، دەمەوێت كاتێك بگەڕێمەوە بۆ سنە، سنەیەكی سەربەرز بێت منیش سەربەرزبم، سنەش ئازاد بێت منیش سەرفرازبم.

كوردستان24: بە زۆربەی زاراوەكانی كوردی گۆرانیت گوتووە بۆچی؟

ناسری رەزازی: لەسەردەمی محەممەد رەزا شادا و بەرلەوەی ببمە پێشمەرگە تەنیا سێ زاراوەم دەزانی ئەویش سۆرانی، هەورامی و كرماشانی بوو، بەڵام كاتێك چوومە تاراوگە بینیم فەیلییەكان دوور دەوەستنەوە ‌و بەرنامەی جیا دادەنێن، بۆیە بڕیارمدا بە هەموو زاراوەكان گۆرانی بڵێم، تا لە تاراوگە پێكەوەی كۆمەڵایەتی كوردان هەبێت، بەوهۆیەوە بەهەموو زاراوە كوردییەكان گۆرانیم گوتووە.

كوردستان24: چۆن بوو بۆ یەكەم جار لە تەمەنێكی منداڵدا بەشێوەی راستەوخۆ لە رادیۆی سنە گۆرانیت گوت؟

ناسری رەزازی: ئەو گۆرانیەی ئایشێ شان بوو بۆ یەكەم جار لە رادیۆی سنە راستەوخۆ گوتوومە و بڵاوبویەوە بەناوی (دەسماڵێ ‌و دەسماڵێ)، كە مامۆستا محەممەدی ماملێ زۆر زیرەكانە كردوویەتی بە سۆرانی ‌و گووتویەتیەوە، هەرچەند من لەپێشدا بە گۆرانییەكانی برایانی (زێزێ) بووم بە گۆرانیبێژ.

.
هونەرمەند ناسری رەزازی - ئەرشیف

كوردستان24: لەتەمەنێكی منداڵیەوە ئاوازت بۆ گۆرانی داناوە؟

ناسری رەزازی: بەڵێ یەكەم ئاوازم لە تەمەنی بیست ‌و دوو ساڵیدا داناوە بۆ گۆرانی (جا چۆن نەگیرم نەناڵێنم)، كە لەیلا فەریقی گوتویەتی هەم هۆنراوەكەشی خۆم دامناوە بەهەمان ئاوازی گۆرانی (هیوا مەگری) چەند ئاوازێكی دیكەم بۆ چەند گۆرانیەكی خۆم داناوە.

كوردستان24: باس لەوەش دەكرێت تۆفیق رەزایی گۆرانیبێژی شاری سنە زۆر یارمەتی داویت؟

ناسری رەزازی: تۆفیق رەزایی گەڕیان بێژێكی باشی شاری سنە بوو، منیش بەهۆی ئەو هۆنراوانەی لە دایكمەوە فێری ببووم، لەگەڵ ئەودا بەشداری چەندین زەماوەندم كردوو بوومە گۆرانیبێژ، هەموو هەفتەیەك دەچووینە سەیرانگاكانی سنە بۆ گۆرانی گوتن.

كوردستان24: لە مەقام ‌و بەستەدا زیاتر سوودت لەچ هونەرمەندێك وەرگرتووە؟

ناسری رەزازی: لە بەستەدا زۆر سوودم لە هونەرمەندان تایەر تۆفیق، عەلی مەردان، حەسەن جەزراویی و عارف جەزیری وەرگرتووە. لە قەتارە و مقامدا  محەممەدی ماملێ ‌و حەسەن زیرەك ‌و سەڵاح داودە سوودیان زۆر بووە بۆم.

كوردستان24: نێوانتان لەگەڵ هونەرمەند مەزهەری خالقی چۆنە؟

ناسری رەزازی: لەگەڵ هونەرمەند مەزهەری خالقی دۆستایەتیمان هەیە، وەك برا گەورەی منە و جێگەی رێزە و هاتووەتە ماڵیشمان.

كوردستان24: دەڵێن گۆرانییەكانی پێشترت خۆشتر گوتووە؟

ناسری رەزازی: ئەو قسەیەم پێ دروست نییە مرۆڤ لەگەڵ گۆرانی هەر گۆرانیبێژێك ژیابێت بیرەوەری لێی هەیە، گۆرانی لە بیرەوەری زیاتر هیچی تر نییە.

كوردستان24: زۆربەی كاتەكان رەخنە لە رەفتار و كردارەكانت دەگیرێت؟

ناسری رەزازی: ئەم دونیایەی كە ئێمەی تێداین بە رەخنە گەشتووەتە ئەمڕۆ، بەڵام بەداخەوە لەناو ئێمەی كوردا هێشتا رەخنە نەبووەتە باو، نەگەشتووەتە ئەو جێگەی بەرامبەرەگەت قەبووڵی بكات.