لەتیف رەشید: عێراق ناگەڕێتەوە سەردەمی قەیرانەکان

لەتیف رەشید
لەتیف رەشید

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنگرەی باڵیۆزەکانی عێراق رایگەیاند: جارێکی دیکە عێراق ناگەڕێتەوە بۆ ژێر گوشاری هیچ لایەنێک، وەک ئەوەی لە رابردوودا هەبوو، ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قەیرانەکان کە لەنێو قەیراندا گیری خواردبوو.

ئەمڕۆ شەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2023، حەوتەمین کۆنگرەی باڵیۆزانی عێراق، لە بەغدا بە درووشمی "دیپلۆماسییەتی عێراق – پەیوەندیی نێودەوڵەتیی هاوسەنگ و گەشەی ئابووریی بەردەوام" دەستیپێکرد، تێیدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند: "ئێمە سەرکەوتوو بووین، لە پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکان، سیاسییەکان، ئەو پەیوەندییانە دروست دەکەینەوە کە تێکچووبوون، لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتە جیاوازەکاندا، حکومەتی ئێستا جەخت لەسەر چاککردنەوەی  پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەکاتەوە".

گوتیشی: "ئێمە هەوڵمانداوە وڵات لە سیاسەتی خراپ دوربخەینەوە، و کار بکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەری وڵات، عێراق ئامانجی ئەوەیە پەیوەندی زۆرتر لەگەڵ وڵاتانی جیهان و پێکەوەژیان لەنێوان وڵاتان دروست بکات".

سەرۆککۆماری عێراق گوتی: "عێراق جارێکی تر ناگەڕیتەوە بۆ ژێر گوشاری هیچ لایەنێک، وەک ئەوەی لە رابردوودا هەبوو، ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قەیرانەکان کە لەنێو قەیراندا گیری خواردبوو، سیاسەتی عێراق لەسەر ئەوە بنیاتنراوە بۆ ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەین، لە چارەسەری کێشەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزین، لە کاتێکدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی رۆشنبیری و بازرگانی و ئابووری بوون، هەموو ئەمانە بەدەست هاتوون، لە هەموو گفتوگۆیەک دووپاتمان لەسەری کردووەتەوە.