بلینکن: ئەمەریکا نایەوێت رووبەڕووی ئێران ببێتەوە بەڵام بۆ پاراستنی خۆمان هەموو هەوڵێک دەدەین

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا ئامانجی سەردانەکەی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سوودانی خستەڕوو.

رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغدا رایگەیاند، هێرش و هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا لە عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە و هەموو کارێک دەکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی خۆیان.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغداوە هۆشداریدایە ئێران و میلیشیاکانی سەربە ئێران چیتر هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە عێراق قیوڵناکەن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە. بلینکن دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روون و راشکاوی پێی راگەیاندووە دژی هێرشی میلیشیاکانە بۆسەر ئەمریکا و هەموو کارێک دەکات بۆ راگرتنی هێرشەکان.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئاماژەی بەوەکرد، "زۆر گرنگ بوو پەیامێکی زۆر روون بۆ هەموو ئەو لایەنانە بنێرین دەیانەوێت سوود لە شەڕی غەززە ببینن و هەڕەشە لە هێزەکانمان لە عیراق یان هەر شوێنێکی دیکە لە ناوچەکە بکەن، پێیان بڵێین ئەو کارە مەکەن! زۆر بە روونی ئاماژەم بەوەدا، ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکرێنە سەر هێزەکانمان تەواو قەبوولنەکراوە و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان دەگرینەبەر".

هاوکات بلینکن جەختی کردەوە، "ئێمە بەدوای شەڕ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێین، ئەوەمان زۆر بە روونی ئاماژە پێداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی پێویستە دەکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانمان، چ سەرباز بن یاخود هاووڵاتی مەدەنی. سەرۆکوەزیران، محمد سوودانی زۆر بە ڕوونی ناڕەزایەتی خۆی بەرانبەر هێرش و هەڕەشەکانی دژی خەڵکی ئێمە و ئامادەیی خۆی بۆ گرتنەبەری هەرچی پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی هێرش ناکرێتە سە هێزەکانمان دەربڕیوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە ئاشکرای دەکات. هەنگاوی باشیان بڕیوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، بەڵام دەبێت حەماسیش دیلەکان ئازاد بکات. بلینکن رایگەیاند، نامانەوێت ئاگری شەڕ بگاتە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق، ناشمانەوێت رووبەرووی ئێرانیش ببێنەوە، بەڵام هەبوونی میلیشیاکانی دژی بەرژەوەندی و سەروەری عێراقە.

بلینکن گوتی، "سەرۆکوەزیران سودانی بە روونی گوتوویەتی و نزیکەی حەفتەیەک لەمەوبەر لە 23ی ئۆکتۆبەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد. بەڕوونی فەرمانیداوە بوەستن. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کاردەکات بۆ ئەوەی رێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو هێرشانە بننەوە و هەوڵبدەن رێگرییان لێبکەن. قسەمان دەربارەی ئەو پرسەکرد، بەڵام ناتوانم بچمە نێو وردەکارییەکانەوە. ئەمە پرسێکە پەیوەستە بە سەروەری عێراقەوە هەیە. هیچ وڵاتێک نایەوێت گروپی میلیشیای هەبێت و لە کاری توندوتیژی تێوەبگلێن. ئەمە تەواو لە دژی بەرژەوەندی و سەروەری عێراقە. هەروەها لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێمەشە. بۆیە بڕوام وایە، ئێمە ئامانج و پابەندییەکی هاوبەشمان هەیە و هەوڵدەدەین دڵنیاببینەوە ئەو هێرشانە روونادەن."

دوای کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەێندراوێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سوودانی و بلینکنی ئاشکرا کرد، بە یەک وشەش باسی هێرشی میلیشیاکانی سەربە ئێران بۆسەر ئەمریکا نەکراوە. بەڵکو سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای ئاگربه‌ستی ده‌ستبه‌جێ له‌ غه‌ززه‌ و کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی غه‌ززه‌ کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە دوای سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێران بکات، بەگوێرەی میدیاکانی عێراقیش سوودانی لە سەردانەکەیدا داوا لە تاران دەکات، فەرمان بە میلیشیاکان بکات هێرشەکانیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق رابگرن.