نیویۆرک تایمز: ئیدارەی بایدن هۆشداری دەداتە ئێران و حزبوڵڵا

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایانگەیاند، واشنتن لە رێگەی هاوبەشەکانی لە ناوچەکە پەیامی بۆ ئێران و حزبوڵڵا ناردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئامادەیە دەستوەردانی سەربازی لە دژی ئەوان بکات ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، درەنگانی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا، دواتر هۆشداری داوە  لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئامانجە مەدەنییەکان لە ناوچەکەدا.

بلینکن گوتیشی: هێرش و هەڕەشەکان کە لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دەکرێن، بە هیچ شێوەیەک  قبوڵکراو نین، دەشڵێت: ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی کارمەندانمان، چ سەربازی بێت یان مەدەنی، دەیکەین.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق،  درەنگانی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بکات.