حکومەتی عێراق بەرپرسێکی باڵای لە کارکردن راگرت

دیمەنی ئاهەنگەکە
دیمەنی ئاهەنگەکە

K24 - هەولێر

وەزیری گواستنەوە عێراق بڕیاریدا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی رێنیشاندەری ئاسمانی بەهۆی ئاهەنگگێڕان و لێدانی گۆرانیەک لەسەر سەدام، لەکارکردن رابگرێت تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولرەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق، بڕیاریدا بە راگرتنی عەباس ئەلبەیزانی و 16 کارمەندی کۆمپانیاکە لە کارکردن بۆ ماوەی 60 رۆژ، تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن .

ئەو بەڕێوەبەر و کارمەندانەی لە رۆژی جیهانی رێنیشاندەری ئاسمانی ئاهەنگیان دەگێڕا و گۆرانییەکیان لێدابوو، لەسەر سەدام حوسێن سەرۆکی رژێمی پێشووتری عێراق.

پێنج شەممەی رابردوو، لە نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا کە لە 1ـی تشرینی دووەمی 2023، دەرچووە و تێیدا هاتووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتی "حازم رازی لەفتە حەفازی" بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری کارگێری و ئەندامانی لیژنە "یەعقوب حوسێن سالم، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی، عەلی حیل عابد، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری وەزارەت پێکدەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو ئاهەنگە کە لە کۆمپانیای گشتی رێنیشاندەری ئاسمانی بەڕێوەچوو.

لەنوسراوەکەدا هاتووە، لیژنەکە لێکۆلینەوە لەو ئاهەنگە دەکات، کە لە کۆمپانیای گشتی رێنیشاندەری ئاسمانی عێراقدا ئەنجامدراوە، هەروەها لیژنەکە لێکۆڵینەوە و راسپاردەکان دەخاتە بەردەم وەزیری گواستنەوەی عێراق.