دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەردەوامە

دراو
دراو

K24-هەولێر:

جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزی و، ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 166.250 هەزار دیناری عێراقییە، بانکی ناوەندی عێراقیش رایدەگەیەنێت، سەرەتای ساڵی نوێ راکێشانی دراو بە دۆلار رادەگیرێت.

رۆژی دووشەممە(6ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان بە 164 هەزار دیناری عێراقی 100 دۆلاری ئەمریکییان دەفرۆشت، لەگەڵ ئەوەی بانکی ناوەندی عێراقی هەر ئەمڕۆ 227 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕ، بەڵام لەبری بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، جارێکی دیکە بەهاکەی دابەزی بەشێوەیەک 100  دۆلاری ئەمەریکی بوو بە 167 هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا بەڕێژەیەک بەهای دیناری عێراقی بەرزبووەوە بۆ 166.250 هەزار دینار.

کڕیار و فرۆشیارانی دراو لە بازاڕی دراو لە هەولێر بە پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاند،"هیچ بەرچاوڕوونییەکییان لەسەر داهاتووی دراو لە هەرێمی کوردستان نییە، نازاندرێت سبەی لەگەڵ کردنەوەی بازاڕ بەهای دیناری عێراقی بەرزدەبێتەوە یاخود زیاتر دادەبەزێت".

هەمیشە لەگەڵ دابەزینی زیاتری بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، ئەو هاووڵاتییانەی دراوی عێراقییان هەیە زوو دەگەنە بازاڕەکان و بە دۆلار دەیگۆڕنەوە لە ترسی ئەوەی نەوەک بەهای دینار زیاتر دابەزێت و زیانمەندبن.

لەسەر هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەڕێژەیەکی زۆر، سامان شاڵی شارەزای سیاسی بۆ کوردستان24، هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بۆ خواستی بازرگانان بۆ دۆلار گەڕاندەوە لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا کەمتر دۆلار بۆ عێراق دەنێرێت و بانکی ناوەندیش ناتوانێت دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕ.

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ـی ئەمەریکی پێشتر بڵاویکردبووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 14 بانکی عێراقی سزادا بە رێگەلێگرتنیان لە ئاڵوگۆڕکردنی دۆلار، بە تۆمەتی ئەوەی ئەو بانکانە دۆلاری ئەمەریکی بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئابڵوقەیان لەسەرە دەنێرن.

لای خۆیەوە ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی سپی کردنەوەی دۆلاری ئەمەریکی لە عێراق پێشتر گوتبووی:"پێمان باشە لەنێوان عێراق و ئێران پەیوەندییەکی دۆستانە هەبێت. ئاماژەی بەوەشدابوو،"پێمان باشە ئەو پەیوەندییانەی نێوان عێراق و ئێران پەیوەندییەکی دۆستانە بێت و پێچەوانەی سەروەری خاکی عێراق نەبێت".

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە(6ـی تشرینی دووەمی 2023) رایگەیاند،"عێراق تەواوی پرۆسەی راکێشانی پارە بە دۆلار لە سەرەتای ساڵی داهاتوو رادەگرێت، بەهۆی ئەوەی عێراق لە ئێستادا پێویستی بە 120 ملیار دۆلار هەیە.

ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی عێراقی ئەوەشی ئاشکراکرد، راکێشانی دراوی دۆلار تەنها بۆ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرە دیپلۆماسییەکان رێگەپێدراو دەبێت.

ئامادەکردنی: کارزان حەیدەر