سلێمانی.. قوتابیانی پۆلی 12 داوا لە مامۆستاکانیان دەکەن بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن

قوتابیانی پۆلی 12 لە سلێمانی داوا دەکەن مامۆستاکانیان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن
قوتابیانی پۆلی 12 لە سلێمانی داوا دەکەن مامۆستاکانیان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن

K24 - هەولێر

قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سلێمانی داوا لە مامۆستاکانیان دەکەن بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەی خوێندنەکەیان تەواو بکەن. دەشڵێن، "ئەگەر دۆخەکە ئاوا بەردەوام بێت، ساڵی ئەمساڵی خوێندنمان دەفەوتێت".

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-11-2023، ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سلێمانی، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی مامۆستاکانیان ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە، زیانی زۆریان بەرکەتووە.

قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سلێمانی داوا لە مامۆستاکانیان دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دەست بە دەوامەکەیان بکەنەوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ئەگەر دۆخەکە ئاوا بەردەوام بێت، ساڵی ئەمساڵی خوێندنیان دەفەوتێت.

ژمارەیەک لەو قوتابیانەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 قسەیان کرد، گوتیان، "داوای کەمکردنەوەی بەرنامەی خوێندن "مەنهەج"ی ئەمساڵ لە وەزارەتی پەروەردە دەکەین، چونکە کاتی خوێندنمان نییە و فریاری مەنهەجەکە ناکەوین".

بەشێکی دیکەی قوتابیان ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی بایکۆتی مامۆستاکانیانەوە، دوو مانگی دەوامیان ڕۆیشتووە و زۆر زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە داوا دەکەن ئەگەر مەنجەهیشیان بۆ کەمنەکرێتەوە، تاقیکردنەوەکانی وەزاری ئەمساڵیان بۆ دوابخرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایكۆتی خوێندنیان كردووە.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و داوای مافی خۆیان دەکەن، دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت رووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داوای مافەکانی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵکی کوردستان بکەین".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "هەندێک لایەن سواری شەپۆلەکە بوون و یاری بە هەستی مامۆستا دەکەن. ئەوانەی کە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن مەیەنەوە بۆ پۆلەکان بۆ قوتابخانەکان، دەیانەوێت تۆڵەی ئەوانەی مووچەکانیان بڕیوە لە قوتابییەکان بکەنەوە کە ئەمە بەهیچ جۆرێک شیاو نییە. قوتابی پێویستە یەکەم وانە کە لە مامۆستا فێردەبێت وانەی کۆڵنەدانە، بەردەوامبوونە. دەبێت یارمەتی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی قوتابییانی ئێمە لە سەرەتاوە فێری خۆشەویستی بن، فێری کۆڵنەدان بن، فێری بەردەوامبوون بن، فێری خۆڕاگری بن و فێری ئەوە بن کە چۆن لە ژیاندا پێویستە بەسەربەرزی بمێننەوە و بەهیچ جۆرێک کۆڵنەدەن بۆ هیچ لەو گرفتانەی دێتە ژیانی رۆژانەیان".