رزگار حەمە رەئووف: وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپیەکان گوێ لە بەرهەمەكانم دەگرن
K24 - هەولێر
هونەرمەند رزگار حەمە رەئووف لەم گفتوگۆیە بۆ "كوردستان24" گوتی، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی هەوڵدەدەن میوزیكی كوردی بگەیەنینە ئاستی هونەری وڵاتانی جیهان. راشیگەیاند، پێویستیان بەكات و یارمەتی هەموو لایەكە.
كوردستان24:بەرهەمە هونەریەكانت زۆرینەیان كاری ژەندنی شمشاڵە بۆچی؟
رزگار حەمە رەئووف: ئامێری سەرەكی من بۆ ژەندن شمشاڵە زۆربەی كارە هونەریەكانم بەو ئامێرە دەكەم، ژەنینی شمشاڵ رۆحیەتێكی تایبەتم دەداتی بووەتە ئیلهام بەخشی كارە هونەریەكانمان.
كوردستان24: ژمارەی كارە هونەریەكانت چەندە؟
رزگار حەمە رەئووف: لە ساڵانی سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوەوە هاتمەتە نێو جیهانی هونەر سەرەتا بەكاری هونەری لەو شانۆیانەدا بەشداریمكرد، ئامێری موزیكی تێدایە بەكاردەهات، بە كاری میوزیك بەشداریم دەكرد بەشداریەكی زۆری هونەریم كردووە لە فێستیڤاڵە هونەرییەكانی كوردستان، عێراق و دەرەوەی وڵات.
كوردستان24: هەر تەنیا ئامێری شمشاڵ دەژەنیت؟
رزگار حەمە رەئووف: زۆربەی ئامێرەكان دەژەنم وەك عود و كەمانچە و پیانۆ و ساز كاری ئەرێنجی میوزیكەكانی پێدەكەم، واتا ئەو كارانەی گوێبیستی دەبن سەرجەمیان كاری خۆمن، بەڵام ئامێری سەرەكی من شمشاڵە.
كوردستان24: باسی مێژووی ژەندی ئەم ئامێرەمان بۆ بكە لە كوردستان ؟
رزگار حەمە رەئووف: شمشاڵ مێژوویەكی دیاریكراوی نییە، شێوازی كونكردنی شەمشاڵی كوردی جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ شەمشاڵی عەرەب و فارس و تورك و نەتەوەكانی دیكە. تەنانەت هەواكەشمان، كە بۆ ژەنینی ئەو شمشاڵە جیاوازە كوردانەیە، كە شمشاڵی كوردی پێنج كونی تێدایە، بەڵام كورد ئەم شمشاڵەی بەدرێژایی مێژوو بەكاری هێناوە لەكارە هونەریەكانیدا.
كوردستان24: تا ئێستا چەند كەس لەبەردەستدا فێری ژەندنی شمشاڵ بوون؟
رزگار حەمە رەئووف: خۆشبەختانە توانیومە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی لەسەر ژەندنی شمشاڵ رابهێنم بەشێوەیەكی ئەكادیمی خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەكیان لە گرووپەكاندا كاری ژەنینی شمشاڵ دەكەن لەشارەكانی كوردستان.
كوردستان24: كاری هونەری سوودی ماددی پێگەیاندوویت؟
رزگار حەمە رەئووف: بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە هونەر نەبووەتە پیشە، بۆیە هەمیشە لە گیرفانی خۆمان خەرجكردووە بۆ ئەوەی خزمەتی هونەری كوردی پێبكەین، بەداخەوە نەمانتوانیوە ئەو هونەری هەمانە ببێتە پیشەیەك سوودێكی مادی هەبێت.
كوردستان24: ئەو شمشاڵەی ئێوە دەیژەنن جیاوازی هەیە لەگەڵ ژەنینی شمشاڵەكەی قالە مەڕە؟
رزگار حەمە رەئووف: ئەو بە هەناسەیەكی زۆر كوردییانە شمشاڵ دەژەنێت بە ئامێرێكی (مس) لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی كونی شمشاڵەكەی جیاوازی هەیە، لەگەڵ شمشاڵەكەی من بەكاری دەهێنم. لەئێستادا توانیومە چەند شمشاڵێك دروستبكەم، كە تایبەتمەندی بۆ خۆمە بەتایبەت لەڕووی ژمارەی كونەكانیەوە كەلە شمشاڵەكەدا هەیە بە شێوازێك لەشێوازەكان بۆ هەندێك ئاواز ببێت لە داهاتوودا جێگەی خۆی بكاتەوە لە ناو ئامێرە میوزیەكانی لە كوردستان و وڵاتانی دیكەدا.
كوردستان24: نێوانت لەگەڵ گۆرانیگوتن چۆنە؟
رزگار حەمە رەئووف: ئەو هونەرمەندانەی میوزیك دەژەنن ئەدایان پاكە دەتوانن بزانن چۆن لەگەڵ میوزیكدا گۆرانی دەڵێن منی هەروام، بۆیە لە لەساڵی هەزار و نۆسەد و نەوەت و چوارەوە یەكەم بەرهەمی هونەری گۆرانی گوتنی خۆمم بڵاوكردووەتەوە بە ناوی (خەمەكانی من و هەڵوەند) كلیپی بۆ كراو بڵاوكرایەوە دواتر یەك دوو بەرهەمی دیكەی گۆرانیم بڵاوكردووەتەوە، بەڵام ئارەزووی ئەوە دەكەم وەك ژەنینی ئامێری میوزیك دەربكەم بە تایبەت شمشاڵ.
كوردستان24: ئەگەر هونەرمەند نەبوویتایە چی كارێكی دیكەت ئارەزوو دەكرد؟
رزگار حەمە رەئووف: ئەوەی بۆمن جێگەی شانازیە باوكی كۆچكردووم زۆر هاوكارم بووە ئەگەر هونەرمەند نەبوومایە ئەوە ئەوكات بڕیارم دەدا حەزمدەكرد چی دیكەم بكردایە بۆیە ئەگەر هونەرمەند نەبومایە هەر هونەرمەند دەبووم.
كوردستان24: بیری كام هونەرمەند دەكەیت كە ئێستا لەژیاندا نەما بێت.
رزگار حەمە رەئووف: كۆمەڵێك هونەرمەندی ئازیز ئێستا لەژیاندا نەماون و بیریان دەكەم بەنموونە هونەرمەندێك حەزی لە بەرهەمێكی هونەری من كردبێت ئێستا ئەو بەرهەمە یان ئەو كارەی خۆم دووبارەكەمەوە بە ئامێرە میوزیكیەكە دەیژەنم بیری ئەو هونەرمەندە دەكەم و بیرم دەكەوێتەوەو دێتەوە یادم.
كوردستان24: پێتانوایە هونەری كوردی گەشەی كردووە؟
رزگار حەمە رەئووف: لەگەڵ سەرجەم هونەرمەندانی هاوڕێم ئەو هونەرمەندانەی لە خەمی خزمەتی هونەری كوردیدان هەوڵ هەیە موزیكی كوردی بگەیەنینە ئاستێكی جیهانی، ئەمەش پێویستی بەهەوڵی هەموو لایەكە كاتیشی پێویستە، تا ئەو هەوڵە بگەیەنینە جێگەی خۆیی و موزیكی كوردی بەهەموو جیهان بناسێنین.
كوردستان24: بۆچی زۆرتریت كات بەرهەمەكانت لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكەیتەوە؟
رزگار حەمە رەئوف: سۆشیال میدیا هەموو دنیای تەنیووە خۆشبەخاتە بەرهەمەكانم سنورەكانی بەزاندوە بۆ ووڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا كە هاوڕێكانم لەدەرەوەی وڵات گوێبیستی دەبن.