سوودانی له‌گه‌ڵ باڵیۆز و نوێنه‌رانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی سوودانی له‌گه‌ڵ باڵیۆز و نوێنه‌رانی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌
كۆبوونه‌وه‌ی سوودانی له‌گه‌ڵ باڵیۆز و نوێنه‌رانی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی خولێكی دیكه‌ی باڵیۆز و نوێنه‌رانی عێراق له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت پابه‌ندن به‌ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاست و بواره‌ جیاوازه‌كاندا و هاوكات به‌ پێویستی ده‌زانێت باڵیۆز و نوێنه‌رانی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ گوزارشت له‌ بۆچوون و سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی عێراق بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 8ـی تشرینی دووه‌می 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ ئاماده‌بوونی فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی خولی حه‌وته‌می باڵیۆز و نوێنه‌رانی عێراقی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك پرس و ته‌وه‌ر گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوودانی جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی حكومه‌ت به‌ كارنامه‌كه‌ی كرده‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری و هه‌ژاری و چاكسازی ئابووری.

هاوكات باس له‌ پێشكه‌وتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كه‌رته‌كانی نه‌وت و پیشه‌سازی ستراتیژی گاز كراوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌پێویست زانراوه‌ كه‌ عێراق له‌ ماوه‌ی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، بگاته‌ ئاستێك پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ به‌رهه‌می نه‌وت و گاز و سووته‌مه‌نییه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ پڕ بكاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها سوودانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی ئاراسته‌ی باڵیۆزان و نوێنه‌رانی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ كردووه‌ له‌پێناو به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و مێژوویی.