لویس ساكۆ: کریستیانەکان 14 سەدەیە له‌ عێراق بێ کێشە دەژین، ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە کارێکی نالۆژیکییە

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان

K24 – هەولێر:

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ ڤاتیکان و لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پاپا باسی لە دۆخی عێراق و ترساندنی کریستیانەکان بە مەبەستی ئاوارەبوون و دەستبەسەداگرتنی زەویوزاریانی کردووە، لویس ساکۆ دەشڵێت: کریستیانەکان 14 سەدەیە بێ کێشە لە عێراق دەژین، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە کارێکی نالۆژیکییە. لەبارەی رەیان کلدانی، لویس ساکۆ رایگەیاند، ئەو کەسە نە کریستیانە و نە کلدانیە و کردەوەکانیشی پێچەوانەی رەوشتی کریستیانەکانە.

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پاپا ئاگاداری مەرسوومی کۆماری و دۆخی عێراقە، پاپا داوای لێکردم بەردەوام بم و خۆڕاگر بم. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی بەرامبەر بەمن کراوە بەس ستەم نییە بەڵکو تیرۆرە".

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان، راشیگەیاند، بەرپرسەکانی ڤاتیکان هەموو تێدەگەن لەوەی کە بەرامبەر بەمن کراوە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش کاتژمێرێک کۆبوومەوە و، هەموویان تێدەگەن ئەو شتەی کە کراو بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارە و سامان کراوە، هەروەها بۆ تۆقاندنی کریستیانەکان کراوە بۆ ئەوەی کۆچیان پێبکرێت، دەستبەسەر شتەکانیاندا بگیرێت، هاوکات ئەوان دەیانەوێت دیمۆگرافی ناوچەکە بگۆڕن.

کاردیناڵ لویس ساکۆ، دەڵێت: ئەوەی بەرامبەر بەمن کراوە شتێکی نامۆیە و پێشتر وێنەی نەبووە، ماوەی 14 سەدەیە لە سەردەمی عەباسی، عوسمانییەکان و هەتا دەگاتە سەردەمی کۆمارییش هەموویان ئەو مەرسوومەیان هەبووە و کریستییانەکان بێ کێشە ژیاون، بۆچی تەنیا ئەو مەرسوومە لەمن دەکشێندرێتەوە بۆچی بۆ هەندێکی دیکە دە‌هێڵدرێتەوە و شتەکە لۆژیکی نییە.

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان، گوتیشی: حکومەتی عێراق و سیاسییەکانی عێراق خەریکی بەرژەوندییەکانی خۆیانن، هیچ بەلایانەوە گرنگ نییە خەڵک لە چ بارودۆخێک دایە و دەوڵەت لەکێیە، هەتا ئێستا لەناو خۆیان یەکگرتوو نین و چەند دەوڵەتێک لەناوخۆی عێراق هەیە، ئەمەش دەوڵەتی فەرمی لاواز دەکات.

لەبارەی رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن، کاردیناڵ لویس ساکۆ، روونیکردەوە، رەیان کلدانی  نە کریستیانە و نە کلدانییە، نە نوێنەرایەتی کریستیاینەکانیش دەکات، ئەوەی ئەوان دەیکەن هیچ پەیوەندی بە کریستیانەکانەوە نییە.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بزووتنەوەی بابیلۆن سەر بە حەشدی شەعبین و دەست لە کاروباری کریستانەکان وەردەدەن، ئەوان دەیانەوێت هەموو شتێک بۆخۆیان ببەن، دەیانەوێت زەویوزاری کریستیانەکان دەستبەسەردا بگرن ئەمە هیچ پەیوەندی بە کریستیانەوە نییە.

مانگی تەمموز سەرۆککۆماری عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی دا، کە پاتریارک لویس ساکۆ وەک سەرۆکی کەنیسەی کریستیان لەو وڵاتە ناساندبوو، هەرچەندە رووداوەکەی ساکۆ لە زۆرێک لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوبووەوە، بەڵام لەتیف رەشید پێداگری لە سەرهەڵوێستەکەی کرد.

دەسەڵاتی دادوەری عێراق، لە مانگی تەمموزدا، فەرمانی بانگهێشتکردنی ساکۆی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن و جنێودان و ناوزڕاندن دەرکرد، ئەمەش بە پشتبەستن بە داوایەکی یاسایی کە لەلایەن پارێزەرێکی سەر بە میلیشیای بابلیۆن تۆمارکرابوو، کە بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات، دواتر ساکۆ بەغدای بەجێهێشت و هاتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.