بۆمبێك بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هێزێکی هاوبەشی ئەمەریکی و عێراقی لە مووسڵ تەقییەوە

مووسڵ
مووسڵ

K24 – هەولێر:

لە نزیک شاری مووسڵ بۆمبێک بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هێزێکی ئەمەریکی و دژەتیرۆری عێراقدا تەقییەوە، بو گوێرەی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلێەکانی کاروانەکە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ـی تشرینی دووەمی 2023) ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە نزیک شاری مووسڵ هێزێکی هاوبەشی ئەمەریکی و دژەتیرۆری عێراق بە بۆمب کرانە ئامانج و بەمهۆیەوەش زیان بە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیشت و، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

هەروەها بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا ئەو رووداوەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ ئەو تەقینەوەیە روویداوە و تەنیا زیانی ماددی هەبوو، زیانی گیانی نەبوو.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا چوار جار هێرش لە دژی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا روویداوە.

هاوکات راشیگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە  سێ سەربازی ئەمەریکی بە سووکی برینداربوون و، چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و لە ئێستادا گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 46 جار هێرشکراوتەسەرە هێزەکانمان لە عێراق و سووریا.

ئەوەشی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان 56 سەربازمان بە سووکی برینداربوون، ئاماژەی بەوەشدا، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دوودڵ نابن.