ئەسیر شەرع: بەردەوامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراق

ئەسیر شەرع، لێکۆڵەری سیاسی و ئەمنی
ئەسیر شەرع، لێکۆڵەری سیاسی و ئەمنی

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەرێکی سیاسی و ئەمنی، ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوامبێت بە دڵنییاییەوە ئەمەریکا هەڵویستی توندی دەبێت. هەروەها گوتیشی: پێویستە حکومەتی عێراق هێرشی میلیشیاکان بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمەریکا بوەستنێت.

ئەسیر شەرع، لێکۆڵەری سیاسی و ئەمنی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵ کوردستان24 رایگەیاند، لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر  و دەستپێکردنی شەڕ لەنێوانیان پێویستە عێراق، لوبنان و وڵاتانی دیەکەی ناوچەکە دان بەخۆیاندابگرن، پڕۆژەیەک هەیە کە داوا لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەکات هێرشبەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، ئەو پڕۆژەیە لەلایەن هەندێک لایەنەوەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکا، بەڵام پێویستە حکومەتی عێراق رێگەنەدات وڵاتاکەی پەلکێشی ناو ململانێکانی ناوچەکە بکرێت.

راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق هێرشی میلیشیاکانی ناوچەکە بوەستێنێت بۆسەر بنکە و بارەگە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەروەها ئەو هێرشانەی میلیشیاکان بۆسەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمەریکا پەیامێکە بۆ ئەمەریکا کە دەڵێن ئێمە دەتوانین دەستمان بەو بنکە بارەگایانەتان بگات و بە ئامانجی بگرین.

ئەو لێکۆڵەرە سیاسی و ئەمنییە، دەڵێت: ئەمەریکا نایەوێت چوارچێوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بێت، لێکتێگەشتنێکی زۆر باشیش لەنێوان ئەمەریکا و حکومەتی عێراق هەیە بۆ ئەوەی هێرشەکان بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بوەستێندرێت، هەروەها ئەمەریکا هەوڵکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس چڕکردووەتەوە و، دەشیەوێت هێرشەکانی سەر غەززەش لەلایەن ئیسرائیلەوە کەمبکرێتەوە، چونکە ئەمەریکا دەزانێت چوارچێوەی جەنگەکە فراوانتر بێت هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.

ئەسیر شەرع، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوامبێت، ئەگەر هەیە عێراق رووبەڕووی سزای ئابووری دەبێتەوە، هەروەک بینیمان دراوی عێراقی چۆن داڕما بەهۆکاری ئەوەی کە بڕێکی زۆر لە دۆلار بە نایاسایی رەوانەی ئێران دەکرا، هەروەها گوتیشی: ئەگەر بێت و هێرشەکان بەردەوام بێت ئەمەریکا هەڵویستی توندی دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە (9ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 46 جار هێرشکراوتەسەرە هێزەکانمان لە عێراق و سووریا.

ئەوەشی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان 56 سەربازمان بە سووکی برینداربوون، ئاماژەی بەوەشدا، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دوودڵ نابن.

هەروەها هەر لە هەمان رۆژدا ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە نزیک شاری مووسڵ هێزێکی هاوبەشی ئەمەریکی و دژەتیرۆری عێراق بە بۆمب کرانە ئامانج و بەمهۆیەوەش زیان بە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیشت و، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

هەروەها بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا ئەو رووداوەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە دەوروبەری بەنداوی مووسڵ ئەو تەقینەوەیە روویداوە و تەنیا زیانی ماددی هەبوو، زیانی گیانی نەبوو.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا چوار جار هێرش لە دژی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا روویداوە.