دادگای دەستپاکی ژمارەی دۆسییەکانی سپیکردنەوەی پارە ئاشکرا دەکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

دادگای دەستپاکی عێراق، ژمارەی ئەو دۆسیانەی ئاشکرا کرد کە لە سپیکردنەوەی پارە و تاوانە ئابوورییەکان تۆمار کراون، هاوکات سزاکانی ئەو دۆسیانەی روونکردەوە.

مەیسون محەممەد، دادوەری دادگای دەستپاکی عێراق راگەیاند، کارەکانی دادگاکەیان پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەی ئەو سکاڵایانەوە هەیە کە پەیوەستن بە دەستپاکی، تاوانە ئابوورییەکان و سپیکردنەوەی پارە هەیە، کە لە ساڵی 2016ـەوە دامەزراوە.

گوتیشی: "ژمارەی ئەو سكاڵانەی ئەمساڵ پێشکەشکراون 652 سکاڵابووە، لەنێویاندا 29 سکاڵای پەیوەست بووە بە دۆسیەی سپیکردنەوەی پارە، 623 سکاڵاش تایبەت بوون بە تاوانە ئابوورییەکان و پێشێلکردنی ئەرکەکانی کارکردن کە سزاکەی تا پێنج ساڵ زیندانیکردنە، وەک لە یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە".

سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارەش ئەو دادوەرە روونیکردەوە، "سپیکردنەوەی پارە، بریتییە لە کۆکردنەوەی نایاسایی بڕە پارەیەکی زۆر لە ئەنجامی چەندین کاری نایاسایی، وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەر یان بە قاچاخبردنی نەوت یان کەلوپەلی کۆن و شوێنەوار".

ئاماژەی بەوەشدا، تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە، ئەو تاوانانەن کە نامۆن بە کۆمەڵگەی عێراقی و تازەن، ئێستاش لە سەرەتای دەرکەوتنیاندان عێراق هەوڵی سنووردارکردن و چارەسەرکردنی دەدات، نەهێشتنی ئەم جۆرە تاوانە لەلایەن پسپۆرانی یاسادانانەوە ورژێنراوە، لەوانە یاسای دژە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری ژمارە 39ی ساڵی 2015 و یاسای قازانجی پارەی نایاسایی کە باس لە زیاد بوونی  پارە دەکات بەشێوەیەکی نایاسایی.

ئا: لاڤین عومەر

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)