شانۆگه‌ری "میوانێكی دوور" لە سلێمانی نمایش دەکرێت

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

شانۆگەری "میوانێكی دوور" یەكێكە لەو شانۆگەریانەی كە ئێستا لە شاری سلێمانی نمایش دەكرێت، دەرهێنانی لەلایەن راڤیار نەوزاد بۆ كراوە، دەقی شانۆگەرییەكە باس لە چەمكی جوانی دەكات و تێڕوانینی میللەتی كورد بۆ ئەو چەمكە دەخاتە سەر تەختی شانۆ.

شانۆ بەو پانتایە هونەرییە دادەنرێت كە دەتوانێت بە ئاسانی كۆچ بۆ زەمەنە جیاوازەكان بكات و ببێتە حیكایەت خوان، "میوانێكی دوور" ناونیشانی دەقێكی شانۆی كوردییە، كە بەشێوەیەكی ورد دەست دەخاتە سەر چەمكی "جوانی".

بەهۆی قوڵی دەقەكەوە ژمارەیەکی زۆری ئەكتەر بەشداری شانۆگەرییەكەیان كردووە، بەشێك لە ئەكتەرەكانیش چەند رۆڵێكی جیاواز  دەبینن .

دیدار عومەر، وەک ئەكتەر بەشداری لە شانۆگەرییەکە کردووە و بە کوردستان24ی گوت: "کاراکتەری من لەو شانۆگەرییە ژنێکی مۆسیقارە، رۆڵی هەیە لە دروستبوونی چەندین چیرۆک لەلایەن کاراکتەر، هەروەها باسی جوانی دەکات کە چەند رەنگدانەوەی هەیە لەناو کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا".

یەكێك لەو خاڵانە بووەتە هۆی ئەوەی شانۆگەری دوور لەلای بینەر جیاواز بێت دیكۆر سینۆگرافی شانۆگەریەكەیە، كە دەرهێنەر هەوڵیداوە بینەر لەسەر تەختی شانۆ و بینەری شانۆیەكە بێت و نزیكتر بێت لە ئەكتەر، هەروەها هۆڵی شانۆیەكە وەكو پێشانگایەك بێت بۆ تەواوكردنی پەیامەكانی دەقی شانۆگەرییەكە.

راڤیار نەوزاد، دەرهێنەری شانۆگەری (میوانێكی دوور) دەڵێت: "یەکێک لەو چەمکانەی چەند ساڵێکە لە شانۆ کاری لەسەر دەکەم شانۆی زیندووە، شانۆی زیندوو تەنیا کار لەسەر ئەکتەر و دەق و دیکۆر ناکات، چەمکێکی گرنگی شانۆی زیندوو بینەرە، ئەمە هەنگاوێکی تازەیە بۆ ئەوەی بگەین بە هەنگاوێکی دیکەی زیندووتر، دەمانەوێت هەوڵ بدەین لە داهاوتوودا تەنانەت بینەرەکان لە شانۆدا بەشداری پێبکەین".