بەیان زەریفی: هۆکاری دوورکەوتنەوەم لە هونەر نەبوونی سیناریۆ و بێ هێزی بەرهەمە کوردییەکانە

خانمە ئەکتەر "بەیان زەریفی"
خانمە ئەکتەر "بەیان زەریفی"

K24 - هەولێر

خانمە ئەکتەری بە ئەزموون "بەیان زەریفی" ماوەیەکی زۆرە لە کارە هونەرییەکاندا دیار نییە و لە میدیاکانیشدا دەرناکەوێت. لەم دیدارە تایبەتییەی کوردستان24ـدا وەڵامی تەواوی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

کوردستان24: ماوەیەکی زۆرە لە نێوەندە هونەرییەکەدا ونی، هۆکاری ئەمە چییە و بۆچی دەتەوێ کەمتر دەرکەویت؟

بەیان زەریفی: ھۆکاری دەرنەکەوتنم، یەکەم خوێندنە لە زانکۆ، کۆلێژی ھونەر بەشی فیلمسازی چوار ساڵ. دووەمیش لە دوای دەرچوونم لە زانکۆ باری تەندروستیم رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچوو، لە چەند ساڵی رابردوودا تووشی دوو نەشتەرگەری بووم نەمتوانی کار بکەم، شەش مانگە کەمێک باشتر بووم، کاری باش ھەبێت بۆ نا، کاری خۆم دەکەم، بەڵام کارێکی باش نەھاتووەتە بەردەمم تا کار بکەم، ئەمەیش ھۆکارەکەیە.

کوردستان24: لەم قۆناغەی ئێستادا ژمارەیەکی زۆر ئەکتەری ژنمان بەرچاو دەکەون، بە دروستی ئەو چەند ئەکتەرەی کۆن لە ناو ژنان چۆن بەراورد دەکەی لەگەڵ ئەوانەی ئێستا بە گشتی؟

بەیان زەریفی: بەڕای زۆر کەس ئەم سەردەمە ئەکتەری ژنی جاران تەمەنیان تەواو بووە بۆ نواندن، شیاو نین کارەکتەری ئەو تەمەنەی تیا نییە لەو کارەدا چ فیلم بێت یا شانۆ یا دراما بێت. ئەمەم لە زۆرێک لە دەرھێنەرەکان بیستووە، بەداخەوە سیناریۆی ئێستا ھەمووی گەنجە بە تایبەت ئەکتەری ژن، من رێزم ھەیە بۆ گەنجەکان بەتایبەت ژنەکان کچەکان کەسی منن، من زۆر ھیوام پێیانە، بەڵام ھەوڵ بدەن زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و بخوێننەوە، تا ئاستی رۆشنبیری و توانا و ئاستی ھونەریتان بەرز بکەنەوە پاشان کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی لەبیر نەکرێت و کوردبوونی خۆتان لە بیر نەکەن، تا بینەر لە خۆمان دوور نەخەینەوە.

کوردستان24: بۆچی تا ئێستاش لە کوردستان بە شێویەکی گشتی ئەکتەرەکان پسپۆڕییەکی تایبەتی خۆیان نییە و لە شانۆ و سینەما و دراما کار دەکەن، زیاتر مەبەستم نواندنە؟

بەیان زەریفی: زۆر لە ئەکتەرەکانی پێشوو پسپۆڕییشیان نەبووە و بەناوبانگترین ھونەرمەندن لە ناو کایەکەدا، ھەندێکیان تا ئێستایش بەردەوامن. خۆ ئەگەر پسپۆڕییەکی باش و بنەمایەکی پتەوی ھەبێت بێگومان باشترە.

کوردستان24: ئەوەندەی ئاگەداربم هیچ کارێکی نوێت لە بەردەستدا نییە و لەگەڵ ستافی پێشووشت کارت نییە، دەتوانین بزانین هۆکاری ئەمە چییە؟

بەیان زەریفی: لە پرسیاری یەکەم ھۆکارەکەم باس کرد، ھۆکاری کارنەکردنم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستا کاری باش نەکراوە، ھیوادارم سیناریۆ و دەرھێنەری باشمان ھەبێت تا بە کاری باش و بەھێز بێینەوە بەردەم بینەرەکانمان.