بەرپرسێکی ئەمنی: 192 خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل دەگەڕێنەوە عێراق

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24- هەولێر

بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 192 خێزانی عێراقی، کە لە 776 کەس پێکهاتوون لەکەمپی هۆلی سووریا دەگەڕێنەوە عێراق، ئەو خێزانانەش کەسوکاری چەکدارانی داعشن.

رۆژی شەممە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو پاسانەی خێزانەکانی لە کەمپی هۆل هەڵگرتووە بەرەو خاکی عێراق کەوتووەتە رێ، هەروەها دوای گەیشتنیان بە کەمپی جەدعا لە موسڵ دەبێت چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک لەو کەمپەدا بمێننەوە، دواتر رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

کەمپی هۆل لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت، نزیکەی 50 هەزار سووری و عێراقی و زیاتر لە 10 هەزار کەسی بیانی کە خەڵکی نزیکەی شەست وڵاتی جیاوازن لەخۆدەگرێت. هەموو ئەمانە کەسوکاری ئەندامانی رێکخراوی داعشن.

بەرپرسێکی ئەمنی عێراق کە ئامادەنەبوو ناوەکەی ئاشکرا بکات، گەڕانەوەی سەدان کەسی لە کەمپی هۆل پشتڕاستکردەوە و روونیکردەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر کردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقییانە.

گەڕانەوەی کەسوکاری ئەندامانی داعش بەردەوامە و ناکۆکی لەنێو دانیشتوانی عێراقیدا دروستکردووە، کە چەکدارانی داعش شەڕێکی سێ ساڵەیان ئەنجامدا لە 2014 تا کۆتاییەکانی ساڵی 2017، دوای ئەوەی نزیکەی یەک لەسەر سێی رووبەری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.

بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە رووبەرووی ئەم خێزانانە دەبێتەوە لەو کاتەی کە لە سووریا دەگەڕێنەوە، سەرەتا ئەندامەکانیان لە کەمپی جەدعا جێگیر دەکرێن، کە لەوێدا رێکارەکان و پشکنینی ئەمنی و قۆناغێکی چاکسازی دەروونییان بۆ دەکرێت.

سەرەڕای ئاستەنگەکان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە بە بەردەوامی هاووڵاتیانی خۆی لە کەمپی هۆل دەگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ رایگەیاندووە، "هەزار و 567 خێزان لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە و بۆ کەمپی جەدعا" ئاماژەی بەوەشکرد، "900 خێزانی عێراقی دوای گەڕانەوەیان، چوونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".

ئاشکراشی کرد، " دوو هەزار و 945 عێراقی گەڕاونەتەوە، کە بە تۆمەتی تیرۆر تۆمەتباربوونە و زۆربەیان بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی کراون.