لە ئامادەنەبوونی سەدر؛ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گرەوی بردنەوە لەگەڵ یەکتر دەکەن

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

K24 – هەولێر:

بەهۆی کشانەوەی سەدرییەکان لە پرۆسەی سیاسی و دابەشبوونی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بۆ چەند لیستێک، کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، لە کاتێکدا ئێستا زۆرینەن لە پەرلەمانی عێراقیش.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سێ هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی (کە لەگەڵ لیستی نەهجی نیشتمانی هاوپەیمانی کردووە کە نوێنەرایەتی پارتی فەزیڵەی عێراقی دەکات)، هاوپەیمانی "بونیاددەنێین" کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات (بە لیستی هاوپەیمانی هێز و لایەنەکانی حەشدی شەعبی ناسراوە و نوێنەرایەتی هەموو گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی نزیک لە ئێرانی لەخۆگرتووە) و هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی کە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پێکدێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمان

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستەوەیە، دوای کشانەوەی کوتلەی سەدرییەکان کە 73 کورسییان بەدەستهێنابوو لە هەڵبژاردنەکانی 2021، ژمارەی کورسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ 130 کورسی بەرزبووەوە لە کۆی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق.

لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بە 38 کورسی، لایەنی یەکەمە و دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری دێت بە 31 کورسی و هاوپەیمانییەکەی عەبادی و حەکیمیش خاوەنی 11 کورسیین و ئەوەی دەشمێنێتەوە، کورسی پارت و لایەنەکانی دیکەن لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران کە وەک سەربەخۆ لە هەڵبژاردن سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو.

لە هەڵبژاردنەکانی 2013ـەوە بۆ 2023

هەرچەندە لە ساڵی 2013ـەوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام نەدراوە، ئەوکاتیش دەوڵەتی یاسا بە بردنەوەی زۆرینە لە ئەنجوومەنی حەوت پارێزگا لە کۆی 12 پارێزگا کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا، وەک براوەی ئەو هەڵبژاردنە دانرا.

دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2013ـدا، لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، زیقار، کەربەلا، قادسییە، موسەننا و بابل براوەی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، لە پارێزگای واستیش لەگەڵ لیستی "مواتن"ـی یەکسان بوو.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە لیستی ژمارە 233 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات و لە رێورەسمی ناساندنی کاندیدەکانیش لە کۆتایی مانگی ئەیلوول، مالیکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بە دەستکەوت و سەرکەوتن بەسەر ئەو لایەنانەی رێگربوون لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە وەسفکرد.

لە بەرامبەر دەوڵەتی یاساشدا، هاوپەیمانی بونیاددەنێین بە سەرۆکایەتی هادی عامری، کە قەیس خەزعەلیش بەشێکی ئەو هاوپەیمانیەتییە، لە رێورەسمێکدا کە لە بەغدا لە (30ـی ئەیلوولی 2023) زەنگی رکابەریکردنی دەوڵەتی یاسایان لێدا و بانگەشەی ئەوەیان کرد، ئەوان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، دەبنە دەنگی یەکەمی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

هاوکات هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، ئەگەرچی دوو لایەنی سەرەکی چوارچێوەی هەماهەنگی لەخۆدەگرێت، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، بە رێژەی دەنگ هەردوو رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێناوە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنیش، هەردوولا جەخت لەسەر باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاری و  هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێکی بەهێز بۆ پارێزگاکان دەکەنەوە.

لە رکابەریکردنی یەکترەوە بۆ کاری پێکەوەیی

هەرچەندە بەشێک لە چاودێران دابەشبوونی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ چەند لیستێک بە تەکتیکی هەڵبژاردن دادەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا؛ لە پارێزگا سوننەنشینەکاندا بەشێوازێکی جیاواز بەشدارییان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە.

بەشێوەیەکی گشتی کێبڕکێی لایەنە سوننەکانی عێراق لە شەش پارێزگا کۆبووەتەوە، ئەوانیش پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکە، ئەمەش وایکردووە لایەنە شیعەکان بە لیستی جیاواز و لەژێر ناونیشانی هاوپەیمانی جیاواز لەو پارێزگایانە جگە لە بەغدا، بەشداری بکەن. (بۆ زانیاری زیاتر ئێرە کلیک بکە).

هاوکات لە گۆڕەپانی کێبڕکێی سوننەکاندا، شەش هاوپەیمانی پەیوەندیدار بە هێزە شیعییەکان لە پارێزگا سوننەکان دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و لەگەڵ چوار بەرە سەرەکییەکەی سوننەکان (تەقەدوم، سیادە، حەسم و عەزم) رکابەری لەسەر کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک دەکەن. (بۆ زانیاری زیاتر ئێرە کلیک بکە).

هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.