یەکەمین ئیڤێنتی بەرنامەی "کوردش تالێنت" لە هەولێر بەرێوەچوو

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

یەکەمین ئیڤێنتی بەرنامەی "کوردش تالێنت" لە هەولێر بەرێوەچوو، لە بەشی یەکەمی کوردش تالێنت 14 گەنج بەشداربوون و بڕیاردرا کلیپیان بۆ دروست بکرێت.

کوردش تالێنت بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتمانی بە ناوی "ڤیژوەڵ کوردستان"، پڕۆژه‌كه‌ گرنگی بە ئەدەب و زانست و هونەر و کولتوور دەدات، ساڵی رابردوو زیاتر لە 10 هەزار گەنج ناویان تۆمارکرد و 100 كه‌س لەو ژماره‌یه‌دا مانەوە و لە کۆتایدا 14 گەنج سەرکه‌وتوو بوون.

جێژوان جاف، یەکەمی پڕۆگرامی کوردش تاڵێنتە، لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە دەرفەتی بۆ رەخسا کە بەهرەی تاقیبکاتەوە، بەهرەی ئەو لە دەنگی دابوو کە حەزوخولیایەکی تایبەتی بۆ گۆرانی گوتن هەبوو دواجار گەیشت بە ئاواتەکەی. ئەو بە کوردستان24ی گوت: " گەورەترین خەونی ژیانم ئەوە بوو کە ڤیدیۆ کلیپ دروست بکەم، ئەوەش تێچوویەکی زۆری دەویست، ئەوەی دەهاتە دەستم بۆ بەردەوامیم بووە لە ژیان، نەمدەتوانی بە پارەی هونەرەکەم بگەمە ئاستێک ستۆدیۆی خۆمم هەبێ بەرهەمی خۆم دروستی بکەم، بەڵام ئێستا دەتوانم گۆڕانییەکەنم بە دڵی خۆم بەرهەم بهێنم".

کوردش تالێنت پێگەیەکە بۆ گەشەپێدانی کولتووری نەتەوەیی، سەکۆیەکە بۆ ناساندن و بەرزنرخاندنی بەهرەی ئەو کەسانەی لە یەک یان چەند بواری کولتووریدا خاوەنی باشترین توانان، ئەو پڕۆگرانە بەهرەکانی دەنگ کۆدەکاتەوەو دەرفەت بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی دەڕەخسێنێت، ئەوانەی لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوانەشی لە تاراوگە نیشتەجێن.

نووری بێخاڵی، سەرپەرشتیاری پڕۆگرامی کوردش تاڵێنت، بە کوردستان24ی راگەیاند: "کوردش تالێنت خۆی بەشێکە لە پڕۆژەی نیشتمانی کە بەناوی ڤیژوەڵ کوردستان، ئەو پڕۆژە نیشتمانییە، بایەخ بە کولتوور، فەرهەنگ و زانست دەدات، بەڵام بە گشتی بایەخ دانە بە توێژی گەنجانە".

گوتیشی: "لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم کە 14 گەنج دەرچوو تێیدا پێمان باشبوو، لە ئیڤێنتێکی ئاوا کراوەدا بە خەڵکیان بناسێنین و بەرهەمەکانیان بە خەڵکی نیشانبدەین و بڵێین ئەوە بەرهەمی یەک ساڵ ماندووبوونی تیمی هونەری تەکنیکی بووە، ئەوەش هێز و توانا و بەهرەی ئەو گەنجانەیە".