ئەو توێژەرە ئیسرائیلیەی لە عێراق رفێندرا یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە

ئەلیزابێس تسورکۆڤ
ئەلیزابێس تسورکۆڤ

K24 - هەولێر

میدیا عێراقییەکانی سەر بە گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران گرتە ڤیدیۆیی ئەو ئەکادیمییە ئیسرائیلی- رووسییە رفێنراوەی عێراقیان بڵاوکردەوە، کە ناوی ئەلیزابێس تسورکۆڤە، کە ئیسرائیل حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بە رفاندنی ئەو کچە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی رۆژی سێشەممە، رایگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاست نەکراوەتەوە کە کات و شوێنەکەی کوێیە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات، تسورکۆڤ هێشتا لە ژیاندایە.

رۆژنامەکە روونیشیکردەوە، بەدڵنیاییەوە گرتە ڤیدیۆییەکە دوای 7ـی ئۆکتۆبەر تۆمارکراوە، چونکە توێژەرەکە، لە چاوپێکەوتنە ڤیدیۆییەکەیدا، باسی ئەو بارمتانە دەکات، کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، کە حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت: ژمارەیان زیاتر لە 240 کەسە.

توێژەرە ئیسرائیلیەکە، لە گرتە ڤیدیۆکەدا بە زمانی عیبری قسەی کردووە کە وەرگێردراوەتە سەر زمانی عەرەبی، کە قسەکانی راستەوخۆ ئاراستەی بنەماڵەی بارمتەکانی غەززە کردووە و دەڵێت "ئەگەر بیانەوێت جارێکی دیکە ئەندامانی خێزانەکەیان ببیننەوە، دەبێت شەڕەکە بوەستێنن".

تسورکۆڤ دەڵێت: من لە موساد و هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا کارم کردووە، لە سووریا کارم کردووە بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی نێوان سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە ساڵی 2019دا سەردانیم کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی کەرتی غەززە دەکات و دەبینێت سوپای ئیسرائیل چی لە کەرتی غەززە دەکات، لەوانە کوشتنی ژن و منداڵ و بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان، ئەو پێی وایە ئەو سیاسەتانە ڕق و کینە لەنێوان گەلانی فەڵەستین و ئیسرائیلدا بەهێزتر دەکەن.

ەاشیگەیاند: "داوا لە بنەماڵەی بارمتەکانی غەززە دەکەم هەوڵی بەردەوام بدەن بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە، لە پێناوی کوڕ و کچەکانتان، ئەم شەڕە لەلایەن ناتانیاهۆوە بەڕێوەدەبرێت، بەگەمژەیی سارای هاوسەری و یایری کوڕییەوە، دەبێتە هۆی کوشتنی بارمتەکان، ئەگەر دەتانەوێت کوڕ و کچەکانت بە زیندووی بگەڕێنەوە، دەبێت شەڕەکە بوەستێت".

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەو پەیامە سیاسییەی کە رفێنەرەکان دەیانویست لە رێگەی ڤیدیۆوە پەخشی بکەن، رەنگە قسەکردن لەسەر غەززە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە بنەماڵەی تسورکۆڤ و حکومەتی ئیسرائیلیش بگەیەنن کە تسورکۆڤ لە ژیاندایە.

لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا ئەو توێژەرە پەیامێکی بۆ خێزانەکەی ناردووە و "داوای لێکردوون کاربکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئازاد بکرێت".

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران.

لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، ئیسرائیل هێرشی بەردەوامی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەروەها زیاتر لە 27 هەزار کەسیش برینداربوون..

تسورکۆڤ لە مانگی ئاداردا، لە بەغدای پایتەختی عێراق رفێندرا، دواتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە مانگی تەمموزی رابردوودا، حزبولڵای عێراقی بە رفاندنی ئەو توێژەرە تۆمەتبار کرد، لەکاتێکدا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو رفاندنە لە ئەستۆ نەگرتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، تسورکۆڤ لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا، بە پاسپۆرتی رووسییەوە هاتۆتە عێراق، و لێکۆڵینەوەی لەسەرمیلیشیاکانی سەر بە ئێران کردووە و دواتر رفێندراوە.