سوودانی مۆڵەتی یەک مانگ دەداتە بانکەکان

K24 - هەولێر

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکاندا لەسەر رێوشوێنەکانی چاکسازی بانکی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، لەگەڵ وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی بانکە حکومییەکان کۆبووەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ میکانیزم و رێکارەکانی کارکردن، لە چاکسازییە کارگێڕی بانکیەکاندا کرا.

سوودانی فەرمانی بە بەڕێوەبەرانی هەموو بانکە حکومییەکان کرد، کە پلانێک ئامادە بکەن و لە ماوەی یەک مانگدا پێشکەش بکرێت، بۆ پەرەپێدانی کارەکانی بانکەکان کە بەکارهێنانی باشترین سەرچاوە دارایی و مرۆیی و تەکنیکییەکان دەگرێتەوە، گواستنەوە لە کاری کاغەزییەوە بۆ کاری ئۆتۆماتیکی، مامەڵەکردنی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو چالاکییە بانکییەکان، فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، پەرەپێدانی تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ بانکەکان لە بەخشینی قەرز،و پەرەپێدانی میکانیزمی کارکردن، لەوانەش ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، کە بەڕێوەبەرانی بانکەکان لە ژێر رۆشنایی جێبەجێکردنی پلانەکە و بڕی دەستکەوتەکانیان، هەڵسەنگاندنی ئەدای کارەکانیان بۆ دەکرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەت سوورە لەسەر ئەو چاکسازییە راستەقینەیە، لەسەر بنەمای چاکسازیی بانکی، هەروەها توانی بڕیاری بوێرانە بدات لە پێناو جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییە بە شێوەیەک کە هاوکار بێت بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کارەکانی کەرتی گشتی و تایبەت.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی جێبەجێکردنی سیستمی گشتگیری بانکی کرا، لە رێگەی بەکارهێنانی پرۆگرامی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەردەمیانە، لە سەرجەم مامەڵەکانی بانکیدا، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر پلانی پەرەپێدان کە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی "ئیرنست ئەند یۆنگ"ەوە خراوەتەڕوو سەبارەت بە داڕشتنەوەی هەیکەلی بانکی رافیدەین، بۆ دڵنیابوون لە پەرەپێدانی کارەکەی و دابینکردنی پاکێجێکی خزمەتگوزاری بانکی یەکگرتوو بۆ هاوڵاتیان، هەروەها کۆمپانیاکان و هاوشێوەی بانکە نێودەوڵەتییەکان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بانکەکانی گوت: بەدوای شارەزایی نێودەوڵەتیدا بگەڕێن بە گرێبەستکردن لەگەڵ ڕاوێژکارانی پسپۆڕ لە کاری بانکی و داراییدا.