شێروان شه‌مێرانی: جێگرەوەی حەلبووسی بە رەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی دیارییدەکرێت

شێروان شه‌مێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی
شێروان شه‌مێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەمشەو وابڕیارە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببێتە بۆ تاووتوێکردنی چەند پرسێک و بە دڵنییاییەوە دیاریکردنی جێگرەوەش بۆ حەلبووسی بابتەێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەیە، ئاماژەی بەوەدا، هەرکەسێک لەناو سوننەدا دروستبێت و رێبەری سوننەکان بکات بە دڵنییاییەوە لەلایەن شیعەکان بە ئامانج دەگیرێت و چەندین دۆسیەی گەندەڵی بۆ دروست دەکەن.

شێروان شه‌مێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو حاڵەتەی تووشی حەلبووسی بوو لەکاتی دانیشتنی پەرلەمان کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زانی، هەمان حاڵەت تووشی سەلیم جبووری بوو ئەو کە سەرۆکی پەرلەمان بوو کە پێی گوترا لە رێگای دادگاوە سکاڵای لەسەرە تاوانبارکراوە، راستەوخۆ دانیشتنەکەی پەرلەمانی بەجێهێشت و رۆیشت بۆ دادگا، وادیارە سەرۆکەکانی پەرلەمانی عێراق لەکاتی دانیشتنەکانی پەرلەمان ئەو هەواڵانەیان پێدەدرێت.

هەروەها راشیگەیاند، مەشعان جبووری کە قسەی لەسەر حەلبووسی کردبوو خۆی لە ساڵی 2005 یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی کەوا ناو ماڵی سوننەی پێ تێکدرا، هەروەها بەرامبەری حەلبووسی جەنگی پێکرا.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەشێکی پەیوەندی بە حەلبووسی هەیە لەگەڵ رکابەرەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشێکیشی پەیوەندی بە چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە لەگەڵ شەقامی سوننی، دەیانەوێت بە جۆرێکی دیکە رێکی بخەنەوە، هەروەها محەممەد حەلبووسی لەو کاتەی کەوا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، محەممەد حەلبووسی ئەوانی تووشی ئیحراجی کرد، ئەویش ئەوەبوو داوای دەستلەکارکێشانەوەی کرد، ئەوانیش پێویستیان بەو بوو بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێندرێت، دەبوو پەرلەمان کارا بێت ئەویش لەو ناوەدا رۆڵی یاریزانێکی بینی کە بڵێت من ناچارتان دەکەم کەوا خۆتان من هەڵبژێرن، نەک هاوپەیمانی سێ قۆڵی.

شێروان شه‌مێرانی، گوتیشی: حەلبووسی هەندێک پەیوەندی هەبوو لەگەڵ تورکیا و قەتەر کە ئەمەش لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی مایەی قبوڵکردن نەبوو.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، ئەمشەو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڕیارە دانیشتنێک بکەن بۆ چەند پرسێک یەکێک لەوانە بابەتی لادانی حەلبووسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، سوننەکان ئازاد نابن لە دانانی نوێنەرێک بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەوەی کە ئامانجی رژێمی دەسەڵاداری ئێستای عێراقە کە تایبەتە بە ناوچە سوننییەکان ئەوەیە کە هەمیشە پەرتەوازە بن، هەر کەسێک لە سوننەکان دروستبێت کۆمەڵێک لایەنی سوننە لەخۆی کۆبکاتەوە، دەبێت لێبدرێت. نموونەش تاریق هاشمی، رافیق عیساوی، مەشعان جەبووری، عەلی حاتەمی و عەدنان دلێمی.

شێروان شه‌مێرانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، جێگرەوەی حەلبووسی دەبێت بە رەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستنیشان بکرێت و دەبێت ئێرانیش رازی بێت، حەلبووسی زۆر هەوڵی دەدا لەگەڵ ئێرانییەکان دۆست بێت چونکە دەیزانی بڕیارە سیاسییەکانی عێراق لە کۆتاییدا بە دەستی ئێرانە.

باسی لەوەشکرد، "حەلبووسی زۆر زیرەک بوو لەوەی کە دووژمنی زۆری بۆخۆی دروستکرد"

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، حەلبووسی ئەگەر هەنگاوێکی دیکە بهاوێت دۆسیەی گەندەڵی بەرامبەری دەجوڵێندرێت و زیاتر ئازاری دەدەن، لەبارەی عێراقیش گوتی: "بارودۆخی عێراق بەرەو ئارامی دەچێت".

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.