دوورخستنەوەی حەلبووسی کێشەکانی نێو ماڵی سوننە قوڵتر دەکاتەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمان، دووبەرەکی نێو ماڵی سوننەکانی قوڵترکردووەتەوە، هاوپەیمانی حەسم و عەزمی موسەنا سامەرائی و هاوپەیمانی سیادە پاڵپشتی بڕیارەکەی دادگا دەکەن، حەلبووسیش دەڵێ: بڕیارەکەی دادگا پێچەوانەی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، رۆژی 14/11/2023، بە تۆمەتی ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، ئەندامێتی پەرلەمانی لە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەندەوە، ئەمەش کارداندەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و دووبەرەکەیەکی زیاتری خستە نێو ماڵی سوننەکان، نەیارەکانی حەلبووسی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی سوننە و تەنانەت شیعەش پێیان وایە حەلبووسی بەو بڕیارە خۆری سیاسەتکردنی ئاوا بووە.

لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "بابەتی حەلبووسی کۆتایی هات، بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی  پرسێکی حزبییە، دادگا هیچ شتێکی لەسەر وەزیرەکانی نەگوتوە، دادگا کێشەی لەگەڵ حەلبووسی هەبوو دوریخستەوە، ئەوەی وەزیرەکان لای سەرۆکوەزیرانە دەستلەکار کێشانەوەکانیان قبوڵ دەکات یان رەتیدەکاتەوە،  لەناو سوننەکان کەسایەتی پاک و بە ئەزموون هەن کە دەتوانن ئەو پۆستانە پڕ بکەنەوە".

لە چوارچێوەی کاردانەوەکان دژی بڕیارەکەی دوورخستنەوەی حەلبووسی، 39 ئەندامی حزبی تەقەدوم بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان کردووە، هەرسێ وەزیرەکەشی دەستیان لەکارکێشاوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا حەلبووسی رایگەیاند: بڕیارەگەی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردنه، ئەندامێتی پەرلەمان کاتێک هەڵدەوەشێتەوە کە پەرلەمانتارەکە نەتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات نەخۆش بێت یان بمرێت".

رۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی دروخراوەی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە گوێرەی یاسا ئەندامێتی پەرلەمان بەو شێوەیە هەڵدەوەشێتەوە، یەکەم مردن، دووەم نەخۆشی، سێیەم دەستلەکارکێشانەوە، بۆیە ئەوەی دادگای فیدراڵی کردی پێچەوانەی یاسایە و ترسناکە".