دادگای فیدراڵی جەخت لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی دەکاتەوە

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی جەختی لەسەر بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە و رایگەیاند، بەپێی دەستوور بەهیچ شێوەیەک تانە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادرێت.

رۆژی پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) جاسم عومەیری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە، دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی کە ئاماژە بەکۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەکات، هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات بەجێبەجێکردنی بەگوێرەی ماددەی 94ـی دەستوور".

جاسم عومەیری ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم بڕیارە بەهیچ شێوەیەک ناچێتە ژێرباری تانەلێدان" و روونیکردووەتەوە، "دادگای دەستووری تایبەتمەندە بە بینینی ئەو پرسە جیاوازانە بەپێی ماددەی 93ـی دەستوور".

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە ناوەڕۆکی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی دواتریش، محەممەد حەلبووسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".

حەلبووسی راشیگەیاند: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لەسەر پەرلەمانتار دەربکەن، هەروەها تەنیا بەپێی ماددەی 52ـی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".