میسال ئالووسی: دوورخستنەوەی حەلبووسی لە دادگایەکی مشتومڕاویدا بێڕێزییە

میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننە
میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننە

K24 – هەولێر:

دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی هێنا، لەوبارەیەوە سیاسه‌تمه‌دارێكی سوننه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، دوورخستنه‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌ پۆسته‌كه‌ی له‌دادگایه‌كی مشتومڕاویدا، بێڕێزییه‌.

ئەمڕۆ هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری سوننە، ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵ له‌باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی حه‌لبووسی له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان ده‌گرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ خاڵێکی هاوبه‌شی شەخسی و سیاسی لەگەڵ حەلبووسی نییە، به‌ڵام بڕیاری دوورخستنەوەی لە دادگایەکی مشتومڕاویدا بێڕزییكردنه‌.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق  و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

دوای بڕیارەکەش لە هەمان رۆژدا، هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە ناوەڕۆکی نامەی دەست لەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی دواتریش، محەممەد حەلبووسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".

حەلبووسی راشیگەیاند: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لەسەر پەرلەمانتار دەربکەن، هەروەها تەنیا بەپێی ماددەی 52ـی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".

رۆژی پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) جاسم عومەیری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی کە ئاماژە بەکۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتار لەیس دلێمی دەکات، هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات بەجێبەجێکردنی بەگوێرەی ماددەی 94ـی دەستوور و بە هیچ شێوەیەک تانەی لێنادرێت".