هونەرمەند رێبوار رەحیم: هونەر چێژی جارانی نەماوە

هونەرمەند رێبوار رەحیم
هونەرمەند رێبوار رەحیم

K24 – هەولێر:

رێبوار رەحیم، هونەرمەندی بواری نواندن لەم گفتوگۆیەدا بە كوردستان24ـی دەڵێت، دەرهێنەری زۆر باشی دراما، فیلم و شانۆی كوردیمان هەیە و، زۆرینەیان لە ماڵەوە دانیشتوون ئەگەر پارەیان بۆ خەرج نەكرێت كارەكەیان دەپوكێتەوە.

كوردستان24: ئێستا چی كارێكی نوێی هونەری دەكەیت؟

رێبوار رەحیم: ماوەی نۆ مانگە لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەند كاری هونەری نواندن بەشێوەی زنجیرە بۆ تەلەفزیۆن دەکەم.

كوردستان24: لەئێستادا نووسینگەی شۆفێریت هەیە ئەمە چۆن لەگەڵ كارە هونەریەكەتدا یەكدەگرێتەوە؟

رێبوار رەحیم: هەموو ئیشێك حەزت بۆی هەبێت‌ سەركەوتوو دەبێت، بۆ نووسینگەی شۆفێریەكەش منداڵەكانم لەدەوری خۆم كۆكردووەتەوە وەك چەترێك، كچە گەورەكەم و هەردوو كوڕەكەم لەگەڵم كاردەكەن،  پێیدەژین خۆشحاڵن بەكارەكە لەگەڵ هونەرکەدا گونجاندومانە.

كوردستان24: بۆ یەكەمجار چۆن دەستت بەكاری هونەری كرد ؟

رێبوار رەحیم: هەر لەمنداڵییەوە هیوایەتم لاساییكردنەوەی هونەرمەندانی بواری نواندن بوو، بەتایبەت لەسەرەتای هەشتاكانەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە دوای راپەڕینەوە دەستم كرد بە كاری هونەری لە بەرنامەی 'كەشكۆڵەوە' دەستم پێكرد تا ئێستا بەردەوامم، دەیان بەرهەمم هەیە.

كوردستان24: سوودت لەکام هونەرمەند بینیووە بۆ كارە هونەرییەكانت؟

رێبوار رەحیم: سەرەتا مامۆستا عوسمان چێوارم بینی دواتر بە مستەفا ئەحمەدی ناساندم ئەوە زۆر هاوكارم بوو یەكێكە لە هونەرمەندە گەورەكان، دەستی گرتم و لە بەرنامەی كەشكۆڵ و بەرنامەی بەرنامە و دەیان شانۆگەری هاوكارم بووە تا گەشتووم بەم ڕۆژە، هەروەاه تا ئێستا بەردەوامم لەكارەهونەرییەكانم.

كوردستان24: هونەر و كارە هونەرییەكانت چی بەتۆ بەخشیووە؟

رێبوار رەحیم: دەچمە هەر شوێنێك خەڵكی دەست بەسینگیانەوە دەگرن بۆم ئەوە ملیارەها دۆلارە بۆ من ئەوە شانازییە، بەڵام جاری وەهاش هەیە ناتوانی بە ئازادی لەفەیەك لەسەر شەقامێك بخۆیت، چونكە یەكێك وێنەیەكت دەگرێت دەیكات بە هەڵا لەسەرت واتا خۆشی و ناخۆشیشی تێدایە.

كوردستان24: قەسە و باسی خۆشت هەیە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

رێبوار رەحیم: هەر لەمنداڵییەوە حەزم بەقسەی خۆش كردووە زۆر لەگەڵ جددییاتدا نەبووم، لەگەڵ ئەوەشدا خەم و خەفەت لەبن نەهێنین بە قسەی خۆش ئەو لەبنمان دەهێنێت.

كوردستان24: لەبواری كۆمیدیا سەركەوتوویت ئەی لە تراژیدیادا چۆنیت؟

رێبوار رەحیم: لەدوای راپەڕینەوە بەشداری هەر كارێكی هونەریم كردبێت كۆمیدیا بووە، لە بواری تراژیدیادا كارم نەكردووە ناتوانم باش یان خراپ لەو بارەیەوە قسە بكەم و وەسفی خۆم بكەم.

كوردستان24: کام بەرهەمی خۆت لەلا خۆشەویستە؟

رێبوار رەحیم: هەموو بەرهەمەكانی خۆمم خۆشدەوێت، چونكە بە دڵ كارە هونەرییەكانم كردووە و پێوەیان ماندوو بووم.

كوردستان24: قسەیەك هەیە دەڵێن هونەر و كاری هونەری ئەو چێژەی جارانی نەماوە ئەمە تاچەند وایە بەبڕوای ئێوە؟

رێبوار رەحیم: ساڵانی زوو تەنیا دوو تەلەفزیۆن هەبوو، بەڵام ئێستا هەموو كەسێك زیاتر لە پێنج هەزار كەناڵ لە مۆبایلەكەیەتی و لە گیرفانیدایە، بۆیە ئەو چێژەی جارانی نەماوە.

كوردستان24: هونەرمەندان پەرتەوازەن بۆچی؟

رێبوار رەحیم: لە نێوان خزمان و خێزانەكانیشدا پەرتەوازەیی هەیە بۆیە شیرازەكە تێكچووە و، هاتووەتە ناو هونەرمەندان و خەڵكیش تاقەتی هیچی نەماوە.

كوردستان24: ئایا دەرهێنەری باش لە کوردستان هەیە؟

رێبوار رەحیم: دەرهێنەری كۆن و نوێی باشمان زۆرە، ئەمەش لە بوارەكانی شانۆ و دراما و فیلمدا، جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەكی زۆریان لە ماڵەوە دانیشتوون ئەگەر كەناڵێك كاریان پێنەدات پارەیان بۆ خەرج نەكرێت ئەوە ئەوانیش كارەكەیان دەپوكێتەوە.

کوردستان24: زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە و ماندوومان کردیت.

رێبوار رەحیم: سوپاس بۆ ئێوەش.