وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ژمارەیەک کەسایەتی نزیک لە میلیشیاکانی عێراق سزادەدات

باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، ژمارەیەک کەسایەتی کە سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقین خراونەتە لیستی سزاکانیان.ئاشکراشی دەکات، ئەو سزایانە پەیامێکن بۆ حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارییەکانی دیکەی نزیک لە ئێران، کە ئەمەریکا هەموو رێکارەکانی بەردەستی بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی سزای ئەو لایەنانە بدات کە بارودۆخی غەززە دەقۆزنەوە.

ئەمڕۆ هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، شەش کەسیایەتی کە سەر بە گرووپی میلیشیای هاوپەیمانی ئێرانن، کە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقین، لە پشت هێرشەکانی ئەم دواییەن کە کراوانە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، کە لە ئێرانەوە راهێنانیان پێدەکرێت و پارەدار دەکرێن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ئەو سزایانە پەیامێکن بۆ حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارییەکانی دیکەی نزیک لە ئێران، کە ئەمەریکا هەموو رێکارەکانی بەردەستی بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی سزای ئەو لایەنانە بدات کە بارودۆخی غەززە دەقۆزنەوە.

لەلای خۆیەوە برایان نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە ئەمەریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی، گوتی: ئێمە بە تەواوی پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ نەهێشتنی ئەم چالاکییەکانی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر "کاتائیب حزبوڵڵا" لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی  دەستنیشانکرابوو، بەهۆی ئەوەی بەرپرسیار بووە لە چەندین هێرشی تیرۆریستی دژی ئامانجەکانی حکومەتی ئەمریکا و عێراق لە عێراق، کە زۆربەیان بە نوێنرایەتی حکومەتی ئێران بەردەوامبوونە لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی عێراق و ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

ناوی ئەو کەسانەی کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزادراون بریتین لە:

1- عیماد ناجی، سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا، عێراقی

2- جەعفەر حوسێنی، سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا، عێراقی

3- ‏باسم محەممەد مەجیدی، سەر بە کاتائیبی حزبوڵڵا، عێراقی

4- حەبیب حسن مەغامس، سەر بە کاتائیبی حزبوڵڵا، عێراقی

5- خالید کازم جاسم، سەر بە کەتائیبی سەیدی شو‌هەداء، عێراقی.

6- موجتەبا جیهاندۆس، سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا، ئێرانی

هەر ئەمڕۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 62 هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ سێ هێرش کراوەسەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوەشی ئاشکراکرد، 29 هێرش لە عێرا ق و 33 هێرش لە سووریا کراونەتە سەر هێزەکانمان.