حەلبووسی بۆ دەنگدەرانی: ئێمە بەردەوام دەبین و ئێوەش بەهێزتر بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن

محەممەد حەلبووسی لە سەقڵاوییە
محەممەد حەلبووسی لە سەقڵاوییە

K24 – هەولێر:

محەممەد حەلبووسی لە پەیامێکدا بۆ لایەنگرانی لە ناحیەی سەقڵاوییە رایگەیاند، لە ئەرک و کارەکانمان بەردەوامین و رێکارەکانیشمان درێژن و ناوەستێن، ئەوەی لە پرۆژەکەمان دەکاتە ئامانج دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەین.

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەیامێکی ئاراستەی لایەنگران و دەنگدەرانی کرد و رایگەیاند، "ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە گەورەن و هەڵبژاردنی ئەم کاتەش پەیامێکی روونە بەڵام دەنگمان هەر بەرز دەمێنێتەوە".

حەلبووسی جەختی کردەوە، پابەندی یاسا و دەستوور دەبن و رێگەنادەن هیچ کەسێک پێشێلی یاسا و دەستوورز

بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، حەلبووسی هەڵوێستی خۆی راگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پرۆسەکە و داوای لە دەنگدەرانی کرد بە هێز و گڕوتینی زیاترەوە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، حەلبووسی روونیکردەوە، ناگەڕێنەوە بۆ مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی 2013 و بە هەموو شێوەیەکیش هێرشکردنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی رەتکردەوە و گوتی، "ئێمە بۆ کۆمەڵگەی خۆمان ئاسایش و سەقامگیریمان دەوێت و داواشتان لێدەکەم رێکە بە ئاڵۆزی ئاسایشی و سەقامگیری وڵات نەدەن".

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا. لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە ناوەڕۆکی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

هاوکات لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی ئەو حزبە، سەرجەم نوێنەرانی تەقەدووم بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن و سەرجەم نوێنەرانی ئەو حزبەش لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی لیژنە پەرلەمانییەکان دەست لەکاردەکێشنەوە.