مەشعان جبووری: سەرۆکی دەستەی خانەنشینی پێشووی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

مشعان جبووری، سه‌رۆكی پارتی وه‌ته‌نی عێراقی
مشعان جبووری، سه‌رۆكی پارتی وه‌ته‌نی عێراقی

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق رایگەیاند، ئەیاد جبووری، سەرۆکی دەستەی خانەنشی پێشووی عێراق، لەگەڵ چەند کەسانێکی دەستەکە دەسگیر کراون.

مەشعان جبووری، سەرۆکی حزبی وەتەن و پەرلەمانتاری پێشوو عێراق، لە پلاتفۆڕمی ئێکس "تویتری پێشوو"، دەسگیرکردنی ئەیاد جبووری، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی پێشووی عێراق، لەگەڵ چەند کەسانێکی دیکە لە دەستەکەدا  بەتۆمەتی گەندەڵی راگەیاند.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "دەسگیرکردنی ئەیاد جبووری و دەستەکەی، بەتۆمەتی گەندەڵی، کارگێری دارایی، ساختەکردنی مامەڵەی خانەنشینی بووە، ئێستا لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرکراون".

جبوری ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەیاد جبوری لە سەردەمی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانەوە کاندید کرا بۆ سەرۆکایەتی دەستەی خانەنشینی، کە بووە یەکێک لەوانەی بەکاری دەهێنا بۆ تاڵانی سامانی گشتی".

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسفکرد.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.

ئا: لاڤین عومەر