کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: لیژنەیەکی باڵای ئەمنی پێکهێنراوە بۆ پاراستنی کاندیدەکان و پۆستەرەکانی هەڵبژاردن

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپاتی کردەوە، کە ماوەکانی داهاتوو باشتر کاندیدەکان و پۆستەرەکانیان دەپارێزرێن، ئەمەش بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوکات ئااژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسانەی دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە دڕاندنی پۆستەرەکانی هەڵبژاردن.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندن لە کۆمسیۆن، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ هەر هێرشێک دەکەن بۆ سەر پۆستەرەکانی هەڵبژاردن، بەڵام دوای ئەوەی سوودانی، ئەمەی پشتڕاستکردەوە، لیژنەیەکی باڵای ئەمنی پێکهێنرا بۆ پاراستنی پۆستەرەکانی هەڵبژاردن و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت و هێزە ئەمنییەکان سوورن لەسەر سەلامەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپێچییەکانی دڕاندنی پۆستەرەکانی هەڵبژاردن کەمدەکاتەوە.

دەشڵێت: "لەماوەی داهاتوودا پرسی پاراستنی کاندیدەکان  و پۆستەرەکانی هەڵبژاردنەکان باشتر دەبێت"،  هەروەها لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پۆستەری هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان دڕێندراون، کە ئەو پێشێلکارییانە لەهەموو پارێزگاکاندا روویداوە، ئەویش تەنها حزبێکی دیاریکراو یان هاوپەیمانی و کاندیدێکی دیاریکراو نەکراوەتە ئامانج، بەڵکو هەموویان کراونەتە ئامانج.

جەختیشی کردەوە کە "هێزە ئەمنییەکان هەندێک لەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە پۆستەرەکانی هەڵبژاردنیان دراندووە".

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە پارێزگای کەرکووک بەدەستی ئەنقەست پۆستەرەکانی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەدڕاند.

بڕیارە رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەبچێت.