بۆ دانانی جێگرەوەی حەلبووسی پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی دادگای فیدراڵییە

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی حەلبووسی)
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق (وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی حەلبووسی)

K24 - هەولێر

بڕگەی دانانی جێگرەوەیەک بۆ حەلبووسی لەکارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا نییە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نووسراوی لادانی حەلبووسی نەگەیشتووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 18-11-2023، کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی کارنامەکە، دانیشتنی پەرلەمان کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تەنها بڕگەی "تاوتوێکردن و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارە 31ـی ساڵی 2019" لەخۆ دەگرێت.

دوێنێ هەینی، 17-11-2023، زیاتر لە 50 واژوو لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە کۆکرانەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت و نائاسایی بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە جێگەی محەممەد حەلبووسی، بەڵام لە کارنامەکەدا ئاماژە بەو بڕگەیە نەکراوە.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی لەبارەی دوورخرانەوەی حەلبووسی بەدەست نەگەیشتووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناتوانێت سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت".

لەبارەی ئەو کەسەی کە شوێنی حەلبووسی دەگرێتەوە؛ قەرەنی ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی پێمان نەگوتراوە کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق؛ چاوەڕێی گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکەین".

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023،  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی بڕیارەکەی رەتکردەوە و گوتی، "دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێلکردووە".