عەقیل فەتلاوی: لەچەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق دەستنیشان دەکرێت

عەقیل فەتلاوی
عەقیل فەتلاوی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە، دەشڵێت: لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەبێت پەرلەمان دەستبکات بە دەستنیشان کردنی کەسێک وەکو سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش پێویستی بە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەیە.

عەقیل فەتلاوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە یەک بڕگە پێکهاتووە ئەویش گفتوگۆ کردن و خوێندنەوەی دووەمە بۆ پڕۆژەیاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆکار بۆ درێژکردنەوەی کاری کۆمسیۆن، لەکاتێکدا کۆمسیۆن دوو هەڵبژاردنی لە پێشە".

سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لەبارەی جێگرەوەی سەرۆکی پەرلەمان پەرلەمانتارەکە گوتی: "ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێکی بەوەکالەتی هەیە، هەروەها لە نەبوونی سەرۆکدا جێگری یەکەم و جێگری دووەم هەیە، بەڵام چۆن دوورخرایەوە ئەمە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بوو، کە قابیلی ئەوە نییە تانەی لێبدرێت و دەبێت هەموان پێیەوە پابەند بن.

لەسەر بۆچوونی دەوڵەتی یاسا لەبەرانبەر بڕیارەکەی دادگا فەتلاوی جەختیکردەوە، بڕیار بڕیاری دادگایە، ناتوانین هیچ بۆچوونێکمان هەبێت، تەنها دەتوانین پابەند بین و رێزی لێبگرین، گوتیشی: دەوڵەتی یاسا وەکو هەموو کوتلە سیاسییەکانی دیکە هەمان بۆچوونی هەیە، ئەویش ریزگرتن و پابەندبوونە بەهەر بڕیارێک کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دەدرێت.

دەربارەی دەستنیشانکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران فەتلاوی گوتی: لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەبێت پەرلەمان دەستبکات بە دەستنیشان کردنی کەسێک وەکو سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش پێویستی بە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەیە، ئەمەش شتێکی زۆر قورس نییە، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی سیاسی، دەکرێت دەستنیشانکردنی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023،  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی بڕیارەکەی رەتکردەوە و گوتی، "دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێلکردووە".