بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کۆچی هاووڵاتییان لە باشووری عێراق زیادیکردووە

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کۆچی هاووڵاتییان لە باشووری عێراق زیادیکردووە
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کۆچی هاووڵاتییان لە باشووری عێراق زیادیکردووە

K24 - هەولێر

بەهۆی وشکەساڵییەوە، کۆچی هاووڵاتییان لە باشووری عێراق زیادیکردووە و، بەگوێرەی راپۆرتێكیش، رووبەڕی زۆنگاوەکانی وڵاتەکە بۆ كەمتر لە 500 كیلۆمەتر چوارگۆشە كەمبووەتەوە.

تادێت کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر عێراق زیاتر دەردەکەون، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، كە هەندێک شوێن لەو ناوچانە ساڵانێک لێوان لێو بوو لە ئاو، بەڵام ئێستا تاوەکو چاو بڕدەکات وشکە و بوونەتە بیابان.

بەگوێرەی راپۆرتێكی پێگەی زە ناشناڵ، نزیكەی سەدا 54ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق بەھۆی كەمئاوی و وشكەساڵییەوە لەناوچوونە، بەمەش بە بیابانبوون نزیكەی لە سەدا 39ـی رووبەڕی عێراقی گرتووەتەوە.

 ھۆكاری سەرەكی وشكبوونی زەوییە كشتووكاڵییەكان بۆ سوێری خاكەكە دەگەڕێتەوە ئەمەش لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ڕووبارەکان و کەمی باران و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، ئەو زۆنگاوانەی كە لەلایەن یونسکۆوە وەک میراتی جیهانی پۆلێنکراون، لە ساڵی 2005ەوە رووبەرەكانیان لە نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەوە بۆ کەمتر لە 500 کیلۆمەتر چوارگۆشە كەمیكردووە.

لە ساڵی 2016  ناوچە زۆنگاوەکانی عێراق خراونەتە نێو لیستی کەلەپووری جیهانییەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی وشکەساڵییەوە رووبەرێکی فراوانیان لەدەستداوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی دەرهێنان لەو لیستەیان لەسەرە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق، بەھۆی وشكبوونی زۆنگاوەكانەوە، بە هەزاران خێزان ناچاربوونە ناوچەكانیان بەرەو شارەكان بەجێبهێڵن. تەنها لەماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 68 هەزار کەس لە زۆنگاوەكانەوە بەرەو شارەكان ئاوارەبوونە.

رۆژ بە ڕۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێت، ئەگەر لەم مانگە و داهاتوودا بارانی زیاتر نەبارێت و ئاو نەگەڕێتەوە بۆ زۆنگاوەكان، خەڵكێكی زیاتر ناچارن بەرەو شارەكان كۆچ بكەن.