ریال مه‌درید لێی قه‌وما

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید

کارلۆ ئانچێڵۆتی ئەم وەرزە بەهۆی پێکانی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی، تووشی گەورەترین گرفت بووە، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیشدا یانه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ دوو بڕبڕه‌ی رانی ڤینسیۆس پچڕاوه‌.

نەهامەتیەکان ریال مەدرید هەفتە لە دوای هەفتە زیاتر دەبێت و تاکو دێت کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە، دەستی بەتاڵتر دەبێت و یاریزان لە دوای یاریزانی تووشی پێکان دەبێت.

نەهامەتیەکانی ریال مەدرید هەر لە سەرەتای وەرز و پێش دەستپێکردنی خولەکانی دەستی پێکرد، تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەی تووشی پێکان بوو و بەم هۆیەوە ماوەیەک زۆرە لە یاریگاکان دابڕاوە.

یانە شاهانەکە کیپای وەکو شوێنگرەوەی کۆرتوا گواستەوە ریزەکانی، بەڵام ئەمیش تووشی پێکان بوو و کێشەکانی مێرنگی لەناو گۆڵدا قوڵتر کرد.

ئێدێر ملیتاو یەکێکی دیکە لە یاریزانەکانی ریال مەدرید کە بەهۆی پێکان ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دادەبڕێت، بە نەبوونی ئەو یاریزانە ئانچێلۆتی لە هێڵی بەرگری تووشی کێشەی گەورە بووە.

چوامینی ئەمەشیان لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا تووشی پێکان بووه‌ و کێشەکانی یانەکەی گەورەتر کرد و بووە چوارەم قوربانی ئەم وەرزە یانە شاهانەکە.

ئاردا گولەر پاش ئەوەی هاوینی رابردوو بڕیاریدا لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا، ریال مەدرید هەڵبژێرێت، کەچی تاوەکو ئێستا بەهۆی پێکانەکانی نەیتوانیوە بەشداریی هیچ یارییەکی فه‌رمی بکات و ریال مەدرید هیچ خێرێکی لەو بەهرەمەندە نەبینیوە.

جود بێلینگهام گوڵکارە لاوەکەی ئەم وەرزەی شاهانەکانیش چەند یارییەکە بەهۆی پێکان بەشداری نەکردووە، ئەو یاریزانە چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی یارییە نێودەوڵەتیەکان بەشداری یارییەکانی یانەکەی بکاتەوە.

ئێدواردۆ کاماڤینگا نوێترین قوربانی ریال مەدریدە و ئەو یاریزانەش لە کامپی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تووشی پێکان بوو و چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای ساڵی 2024 بگەڕێتەوە یاریگاکان.

لە کۆتاییدا ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری لاوی یانە شاهانەکان هێندەی دیکە کێشەکانی یانەکەی بە پێکانەکەی قوڵتر کرد، ئەو یاریزانەش به‌شداریی 7 یاریی داهاتووی ریال مه‌درید له‌ لالیگا و چامپیۆنزلیگ ناكات.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ ریال مه‌درید له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی دا نووسیویه‌تی: دوای ئەو پشکنینانەی ئەمڕۆ بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر ئه‌نجام درا، ده‌ركه‌وتووه‌ دوو بڕبڕەی ڕانی پچڕاوه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ماسولكه‌كانی قاچی چه‌پیشی كردووه.

سەرەڕای هەموو ئەو کێشانە و تووشبوونی چەند یاریزانێکی پێکهاتەی سەرەکی یانەکەیان به‌ پێكان، بەڵام دەنگۆیەک هەیە کارگێری یانەی ریال مەدرید، نایەوێت زستانی داهاتوو هیچ یاریزانێکی نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی.

ڤینسیۆس جۆنیۆر هێرشبه‌ری به‌رازیلی یانه‌ی ریال مه‌درید
ڤینسیۆس جۆنیۆر هێرشبه‌ری به‌رازیلی یانه‌ی ریال مه‌درید