هاوپەیمانی فەتح داوای دەستگیرکردنی حەلبووسی دەکات

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم

K24 – هەولێر:

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای دەکات لە چەند رۆژ داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حەلبووسی دەردەکرێت، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بە چەند تۆمەتێک کۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمانی عێراق هێندرا.

رۆژی شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023) عەلی زوبەیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، گەشتکردن لە حەلبووسی قەدەغەکراوە و لەژێر فەرمانی مانەوەی بەزۆردایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەردەکرێت.

زوبەیدی روونیکردەوە، "بە دوورخستنەوەی حەلبووسی، پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەباربرا و چەندین دۆسیەی دیکەش هەیە کە رووبەڕووی حەلبووسی دەکرێتەوە و لەسەری سزا دەدرێت".

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی فەتح داوای لە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پەلە بکەن لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەلبووسی، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی تۆمەتی ساختەکردنی رووبەڕوو کرایەوە و گوتیشی، "چەندین دۆسیەی دیکەی گەندەڵی لەبارەی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا ئازادکراوەکان (سوننەکان) و سوودمەندانی یاسای دەزگای شەهید و خانەنشینی و دەستپاکی و دۆسیەی زەوییەکانی وەفا لە ئەنبار رووبەڕووی حەلبووسی دەکرێتەوە".

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا. لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

رۆژی شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023) مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی لەبارەی دوورخستنەوەی حەلبووسی بەدەست نەگەیشتووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناتوانێت سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت".

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستەکەی، لایەنە سوننەکانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی ئەو پێکهاتەیەیە. (بۆ زانیاری زیاتر ئێرە کلیک بکە).

هەروەها رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەیامێکی ئاراستەی لایەنگران و دەنگدەرانی کرد و رایگەیاند، پابەندی یاسا و دەستوور دەبن و رێگەنادەن هیچ کەسێک پێشێلی یاسا و دەستوور و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە گەورەن و هەڵبژاردنی ئەم کاتەش پەیامێکی روونە بەڵام دەنگمان هەر بەرز دەمێنێتەوە". (بۆ زانیاری زیاتر ئێرە کلیک بکە).