دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە، ئیکاردی سەرلەنوێ هاوسەرگیری لەگەڵ واندا دەکات

واندا و ئیکاردی
واندا و ئیکاردی

دوای 10 ساڵ لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان، ماورۆ ئیکاردی جارێکی دیکە هاوسەرگیری لەگەڵ واندا نارا دەکات.

ماورۆ ئیکاردی ئەستێرەی ئارجێنتینی یانەی گەلەتەسەرای تورکی  ئامادەیە پەیمانی هاوسەگیری لەگەڵ واندا نارای خێزانی نوێ بکاتەوە، کە ئەم دووانەیە نزیکەی 10 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە.

رۆژنامەی "AS"ی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە ئیکاردی لەگەڵ واندا نارا گەیشتووەتە رێککەوتن سەرلەنوێ ئاهەنگی هاوسەرگیری بگێڕن، کە ئەم دووانەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 هاوسەرگیرییان کرد.

بەمدواییە ئیکاردی و واندا ناکۆکی لە نێوانیان دروست بوو، بەهۆی خیانەتی یاریزانە ئارجێنتینییەکە و بەستنی پەیوەندی لەگەڵ خانمە هونەرمەندێک، بەڵام ئێستا ئیکاردی و واندا پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوانییان هەیە و هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە، دوای ئەوەی ئەستێرە ئارجێنتینییەکە زانی کە واندا تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە و چارەسەری رزگاربوون لە نەخۆشییەکە وەردەگرێت.

واندا دەڵێت: جوانترین شتێک لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لە ئیکاردی بینیم ئەو کاتە بوو کە دەرکەوت تووشی شێرپەنجە بوومە، دەشلێت: بەبیرم دێت لە یەکێک لە شەوەکان نووستبووم و لە کاتژمێر چواری بەرەبەیان خەبەرم بووەوە، بینیم ئیکاردی خەریکی پەیوەندیکردنە بۆ ئەوەی شوێنێک بدۆزێتەوە لە هەر شوێنێک بێت لە سەرتاسەری جیهان بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەکەم بکرێت، واندا هێما بۆ ئەوە دەکات تووشی شۆک بووە ئیکاردی ئەم هەڵسوکەوتی کردووە و درکی بەوە کردووە بەڕاستی ئیکاردی خۆشی دەوێت.