سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەنار و هەنگوینی کوردستان بە دیاری دەداتە بۆریس جۆنسن

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران بۆریس جۆنسن
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران بۆریس جۆنسن

K24 – هەولێر:

لە پەراوێزی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای تەواوبوونی پانێلەکەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەنار و هەنگوینی کوردستانی پێشکەش کرد.

رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا پانێلێکی تایبەتی هەبوو لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچیت.

بەڕێوەبەری پانێلەکە بە بۆریس جۆنسنی راگەیاند، پێش ئەوەی پانێلەکە تەواوبکەم، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دیارییەکی تایبەتی بۆی هەیە کە هەنار و هەنگوینی کوردستانە و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوت کەی هەنارەکانم پێدەدەیت.

دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە سەر سەکۆی کۆڕبەندەکە و لە گوتەیەکی کورتدا، دووبارە بەخێرهاتنی بۆریس جۆنسنی کرد و ستایشی کرد بۆ ئەو پانێلەی پێشکەشی کرد و رایگەیاند، "زۆر چێژمان لێبینی".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە بۆریس جۆنسنی راگەیاند، سندووقێک لە هەناری کوردستان و هەنگوینی خۆمانت بە دیاری پێدەدەم و گوتی "ئەمانە باشترین دیاریین کە پێتی دەبەخشین، بەخێربێی".

لەلایەن خۆیەوە جۆنس، هەروەک چۆن لە پانێلەکەی باسی لە هەناری هەڵەبجە کرد ئاواش لە کاتی وەرگرتنی دیارییەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، پێشتریش بیستوومە کە کوردستان خاوەنی باشترین هەنگوینە و زۆر ئەم خواردنەم بەلاوە خۆشە.

0