مستەفا کازمی: بەشێکی زۆری چینی سیاسی لە عێراق وازیان لە بەها رەوشتییەکانیان هێناوە

مستەفا کازمی
مستەفا کازمی

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، بڕوای وایە سیاسەت بەشێکە لە رەوشت، کۆمەڵێک ئامرازە بۆ سەرکردایەتیکردنی گروپە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بۆ چاکە و قازانجی خۆیان، هەروەها بەشێکی زۆری چینی سیاسی تاڕادەیەکی زۆر لە مامەڵە سیاسییەکانیاندا وازیان لە بەها رەوشتیەکانییان هێناوە.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا کازمی لە وتارێکیدا کە بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی له‌نده‌نی نووسیوە و دەڵێت: یەکێک لە کێشە نەزۆکەکانی فەرمانڕەوایی پەیوەندی رەوشتە بە سیاسەت یان کرداری سیاسییە.

گوتیشی: پرسیارەکە زیاتر لەوە شەرعیەت وەردەگرێت، کە ئەمڕۆ لەناوچەکانی شەڕ، لەناوبردنی مرۆڤایەتی و رەوشت و یاسا و مافەکان بەناوی سیاسەت و پێداویستییەکانی فەرمانڕەوایی و داواکارییەکانی هاوپەیمانی دەبینین.

ئاماژەی بەوەشکرد، من باوەڕم وایە کە سیاسەت بەشێکە لە رەوشت، کۆمەڵێک ئامرازە بۆ سەرکردایەتیکردنی گروپە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بۆ چاکە و قازانجی خۆیان، سەبارەت بەرەوشت، ئەوە کۆمەڵە بەهایەکە کە رەفتاری مرۆڤەکان بۆ چاکە و خۆشگوزەرانی خۆیان بەڕێوەیدەبەن.

کازمی روونیشیکردەوە: بەپێی ئەم دوو پێناسەیە، ئێمە تێبینی دەکەین، بە تێڕوانینێکی قووڵەوە، کە رەوشت فراوانترە و سیاسەتیش بەشێکە لێی، ناتوانین سیاسەتمەدارێک بە خەیاڵماندا بهێنین کە پابەند بێت بە بەها رەوشتییەکانەوە، لە هەمان کاتدا لە هەڵسوکەوتی سیاسیدا ناڕەوا بێت. ناتوانین سیاسەتمەدارێک بهێنینە خەیاڵمان کە لە بەها رەوستییەکان یاخی بێت و لە رووی سیاسییەوە راستگۆ بێت.

دەشڵێت: لەسەر بنەمای ئەزموون و کار، لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی وەک ژینگەی عێراق و گۆڕاوەکانیدا، سیاسەتمەدار پیاوێکی ژیر نییە کە بەها رەوشتییەکانی خۆی لە فەرمانڕەواییدا جێبەجێ بکات.

ئەوەی من هەوڵی جەختکردنەوە دەدەم ئەوەیە کە سیاسەت و کردەی سیاسی بەشێکە لە رەوشت و سیستەمی بەهای تاک و کۆمەڵگا، ئەو سیاسەتمەدارەی کە باوەڕی هەیە و کار بۆ بنیاتنانی و پەرەپێدانی دەوڵەتەکەی دەکات، ئەو کەسەیە کە بەڕاستی پابەندە بە بەها رەوشتییەکانەوە، و ئامادەیە کورسییەکەی بەجێبهێڵێت ئەگەر ناچار بێت واز لە بیروباوەڕی رەوشتی خۆی بهێنێت.

کازمی باسی لەوەشکرد، من لە رووی تیۆریەوە باوەڕم بەم بیرۆکانە هەبووە، ئێستاش باوەڕم پێیانە، کاتێک لە مانگی ئایاری 2020 پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراقم گرتە ئەستۆ، زیاتر باوەڕم بەم شتە هەبوو، چونکە بۆم دەرکەوت، لە رێگەی ئەزموونی پراکتیکییەوە کە کێشەی بنەڕەتی عێراق کێشەیەکی رەوشتی و کولتوورییە نەک تەنها کێشەیەکی سیاسی، هەروەها بەشێکی زۆری چینی سیاسی تاڕادەیەکی زۆر لە مامەڵە سیاسییەکانیاندا وازیان لە بەها رەوشتیەکانییان هێناوە.

جەختیکردەوە، ئەم دەستنیشانکردنە پێویستی بە گەڕان بەدوای ئاسۆیەکدا هەیە کە خاڵی دەستپێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات پێکبهێنێت. بەبێ چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕییە کوشندانە، درزەکە لە ئاستە جیاوازەکاندا زیاد دەکات. ئەو ناهاوسەنگییە تەنیا لە کردەوەی سیاسی و رەفتاری بەشێک لە پراکتیزەکارەکانیدا سنووردار نابێت، بەڵکو فراوانتر دەبێت و دەبێتە بەشێک لە رەفتارەکانی کۆمەڵگا و تاکەکان، دواتر دەگۆڕێت بۆ رەفتاری ئاسایی.

راشیگەیاند: پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کێشەی ئێمە لە سروشتی سیستەمی سیاسی و میکانیزمەکانی و دەستوورەکەیدا نییە، توانا و سەرچاوە و لێهاتووییەکان توانای پێشخستنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و چەسپاندنی سەقامگیرییان هەیە، ئەگەر فەرمانڕەوایی بە کەسێک یان چینێکی سیاسی پابەند بە بەها رەوشتییەکان بسپێردرێت، بەبێ موزایەدەکردن.

روونیشیکردەوە: لێکنزیکبوونەوەی رەوشت و سیاسەت لە ئەزموونی عێراقدا پێویستە، بەو مەرجەی ئیرادەی دڵسۆزانە فەزای هاوبەش بێت بۆ ئەوەی ئەم دوو چەمکە یەکتر ببینن. بەم شێوەیە دەتوانین لەسەر ڕێگای چاکسازی لە سیستەمی سیاسی خۆمان و پێشخستنی دەوڵەتەکەمان و دامەزراوەکانی بەرەو پێشەوە بچین و چەکەکانمان ئیرادەی دڵسۆزانە و کردەوە سیاسی رەوشت کە خەمی مرۆڤ و میللەتە نەک بەرژەوەندی و دەستکەوتی تایبەت.