ئەمەریکا دوو بنکەی میلیشیاکانی لە عێراق کردە ئامانج

K24 – هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، دوو بنکەی گرووپە چەکدارەکانیان لە عێراق کردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22/11/2023، هێزەکانیان لە دوو هێرشی جیادا دوو پێگەی میلیشیاکانیان لە عێراق بۆردوومان کردووە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانە، وەڵامدانەوەی راستەوخۆیە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە، لەنێویشیاندا ئەو هێرشەی 21ی ئەم مانگە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی کورت مەوادا کرایە سەریان.

هێرشەکەی ئەمڕۆ دووەم هێرشی هاوشێوەی هێزەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران  لە عێراق و سووریا لە دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە.