سوننەکان جێگرەوەی حەلبووسی دیاری دەکەن

K24 - هەولێر

په‌رله‌مانی عێراق بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی، دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام دەدات و سوننەکانیش دەسەڵاتیان داوە بە دوو کەسایەتی سیاسی بۆ دەستنیشان کردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی په‌رله‌مانی عێراق، بڕیاره‌ كاتژمێر 1ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22/11/2023، په‌رله‌مان دانیشتنێكی نائاسایی ئه‌نجام بدات و تێیدا ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ رووی په‌رله‌مانتاران بكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی ژماره‌ 31ـی ساڵی 2019ـی لیژنه‌ی یاسایی تایبه‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سوننەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ جێگرەوەی حەلبووسی کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوپەیمانی سیادە و کەسایەتییە سوننەکان بڕیاردرا دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر بدرێت.

رۆژی سێشەممە، 14/11/2023،  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەمەش کێشەیەکی دیکە لە عێراق سەریهەڵداوە، کە ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دوورخستنەوەی حەلبووسی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، زیان بە دەنگ و پێگەی حەلبووسی دەگەیەنێت.

رۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی محەممەد حەلبووسی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە، بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".