حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەممەد شیاع سوودانی، ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە بنکەکانی گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچەی جورف سەخری کردە ئامانج، هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و جێبەجێکردنی یاسا.

باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین، کە ناوچەی جورف سەخری کردووەتە ئامانج، کە بەبێ ئاگادار کردنەوەی دەزگاکانی حکومەتی عێراقی هێرشەکە ئەنجامدراوە، ئەمەش پێشێلکاریی سەروەری عێراقە، بەهەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دادەنرێت، گوتیشی: حکومەتی عێراق یاسا بەسەر لایەنی کردەوەکە دەسەپێنێت و لێپێچینەوە لەسەر پێچیکاران دەکات، چونکە هیچ لایەنێکی دەرەکی مافی ئەوەی نییە ئەو کارە بەناوی خۆیەوە ئەنجام بدات، ئەمەش بەپێی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

گوتەبێژی حکومەت جەختیشی کردەوە، کە "بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئامادەبوونێکە کە پاڵپشتی کارەکانی هێزە چەکدارەکانمان دەکات، لە رێگەی خولی راهێنان و چاکسازی و راوێژکاریەوە، هەروەها ئەوەی روویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو ئەرکەیە کە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا لێرە ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق، بۆیە داوایان لێدەکرێت تاکلایەنە مامەڵە نەکەن، دەبێت پابەند بن بە سەروەری عێراق، کە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵی پێشێلکارییەکانی ناکات."

گوتیشی: "حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو لە رووی دەستوورییەوە بەرپرسیارە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت و پاراستنی سیستەم و سەقامگیری و بەرگریکردن لە ئاسایشی ناوخۆ، هەر کردەوەیەک یان چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکان ئەنجام بدرێت، کردەوە و چالاکییەکی ئیدانەکراوە لە دەرەوەی یاسا و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە و هەر چەکدارێک یان گرووپێکی دیکە کە پابەند نەبێت بەو پرەنسیپەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق."  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەممەد شیاع سوودانی، فەرمانی بە هەموو هێزە چەکدارەکان و هەموو دەزگا ئەمنییەکان کردووە، کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و یاسا جێبەجێ بکەن، نەهێڵن هیچ لایەنێک ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە تێکبدات یان زیانی پێبگەیەنێت، کە بە قوربانیدانی هەزاران شەهیدی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییە پاڵەوانەکانمان بە هەموو جۆرێک بەدەست هاتووە، بۆیە پاراستنی ئەوە بەرپرسیارێتی هەموو کەسێکە و نابێت هیچ لایەنێک پشتگوێی بخات".

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22/11/2023، هێزەکانیان لە دوو هێرشی جیادا دوو پێگەی میلیشیاکانیان لە عێراق بۆردوومان کردووە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانە، وەڵامدانەوەی راستەوخۆیە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە، لەنێویشیاندا ئەو هێرشەی 21ی ئەم مانگە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی کورت مەوادا کرایە سەریان.

هێرشەکەی ئەمڕۆ دووەم هێرشی هاوشێوەی هێزەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران  لە عێراق و سووریا لە دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە.