کاروان جەلال: درێژکردنەوەی ماوەی کاری یاسایی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هەنگاوێکی ئەرێنیە

کاروان جەلال
کاروان جەلال

K24 – هەولێر:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ـی تشرینی دووه‌می 2023 په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی خۆیدا ده‌نگی له‌ سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان داو، به‌پێی ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌، ماوه‌ی كاری یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ درێژ كرایه‌وه‌‌.

کاروان جەلال بەرێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان، به‌ کوردستان24ـی راگه‌یاند، پێشبینیمان دەکرد پەرلەمانی عێراق ئەو هەنگاوە بنێت، چونکە لە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 24 ی شوبات 2024 بەڕێوەبچێت، هه‌روه‌ها لە 18ـی مانگی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەو بەروارەش بۆ 7 ـی کانوونی دووەمی 2024، ماوەیەکی کەمە لەبەردەم کۆمیسیۆن بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو کارانە رایی بکات، کە پەیوەستە بە کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پەسندکردنی ئەنجامەکان، لەبەر ئەوە پێویستبوو کە ماوەی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە.

کاروان جەلال گوتیشی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن مافی خەڵکە و لە دەستوور ئاماژەی پێکراوە ، جێی دەستخۆشییە رێبوار هادی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رۆڵی بینی لە نوێکردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنیە .

بەرێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 2005  ەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی کردووە، لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە ، لە 2013 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستانی بەرێوەبرد و لە 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بەرێوەبرد ، لەگەڵ ئەوەش ئۆفیسی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و شارەزاییان هەیە.

لەبارەی جیاوازی سەرپەرشتیکردنی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ، کاروان جەلال پێی وابوو جیاوازی لە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لەنێوان کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوەیە ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کەرەستە و پێویستیەکانی هەڵبژاردنیان لەبەردەستە و بەو شێوەیە پرۆسەکە خێراتر بەرێوەدەچێت ، هاوکات جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش دڵنیایی دەداتە پارتە سیاسیەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن لە راستی و دروستی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

پێشی وابوو، ئەو هەنگاوانەی کۆمیسیۆنی عێراق گرتوویه‌تییه‌ بەر کارێکی باشە ، بەڵام دڵنیایی لە نەکردنی ساختەکاری نییە ، سەرباری ئەوەش رێکاری باش گیراوەتە بەر بۆ رێگری لێکردن لە ساختەکاری.

بڕیار وایه‌ رۆژی 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق (جگه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان) ئه‌نجام بدرێت.

کارزان حەیدەر